هەردوو پارتی سەعادەت و ئاییندە فراکسیۆنێکی نوێ لە پەرلەمانی تورکیا پێکدەهێنن

پەرلەمانتارانی هەردوو پارتی ئاییندە و سەعادەت
پەرلەمانتارانی هەردوو پارتی ئاییندە و سەعادەت

K24 – هەولێر:

پەرلەمانتارانی هەردوو پارتی سەعادەت و ئاییندە لە پەرلەمانی تورکیا فراکسیۆنێکی نوێی پەرلەمانی پێکدەهێنن کە پێشتر لەسەر لیستی جەهەپە کورسی پەرلەمانییان بردبووەوە.

رۆژی (6ـی تەمموزی 2023)، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە لە کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ تەمەل کەرەموڵڵائۆغڵو، سەرۆکی پارتی سەعادەت رایگەیاند، هەردوولا ریێککەوتوون لەسەر دروستکردنی فراکسیۆنێکی هاوبەش بەناوی فراکسیۆنی پارتی سەعادەت و سەرۆکی فراکسیۆنەکەش سەر بە پارتی ئاییندە دەبێت.

ئەحمەد داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەشکرد، "وەک دوو پارت دوای قوربانیدان بە بەرژەوەندییەکانمان، بڕیارماندا هاوپەیمانیەتییەکی نوێ دروست بکەین، پەرلەمانتارانی ئاییندە و سەعادەت فراکسیۆنێکی هاوبەش پێکدێنن".

سەرۆکی پارتی ئاییندە ئاشکراشیکرد، بۆ ئەو مەبەستەش نووسراوێکی فەرمییان ئاراستەی سکرتاریەتی گشتی پەرلەمانی تورکیا کرد و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، پەرلەمانتارانی هەردوو پارتەکە بە مەرجی پاراستنی ناسنامەی خۆیان و پارتەکەیان، بۆ ئەم خولە لەژێر ناوی فراکسیۆنی پارتی سەعادەت بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمانی تورکیا دەکەن.

هەروەها باسی لەوەشکرد، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەنێوانیاندا هەیە، سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان لە پارتی ئاییندە دەبێت و لەسەر دابەشکاری پۆستەکانیش رێککەوتوون و ئەو بڕیارەشیان لە ئەنجامی ئەو کەشەی کە ئێستا لە تورکیا هەیە داوە. 

بەگوێرەی دەرئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری 2023ـی پەرلەمانی تورکیا کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە لە رۆژنامەی فەرمی دەوڵەت بڵاویکردووەتەوە، لیستی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) 268 کورسی بەدەستهێناوە، لیستی پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) 169 کورسی (کە لەو لیستەدا پارتی ده‌ڤا 15 کورسی، پارتی ئاییندە 10 کورسی، پارتی سەعادەت 10 کورسی، پارتی دیموکرات سێ کورسی و پارتی گۆڕانی تورکیاش یەک كورسییان بەدەستهێناوە)، پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) 61 کورسی،  پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) 50 کورسی، ئیی پارتی 43 کورسی، پارتی یەنیدەن رەفا پێنج کورسی و پارتی کرێکاری تورکیا چوار کورسییان بەدەستهێناوە.