چین: پێویستە ژاپۆن دژی جیابوونەوە بێت لەگەڵ ئێمە

ئاڵای چین (راست) و ئاڵای ژاپۆن (چەپ) | وێنە: Global Times
ئاڵای چین (راست) و ئاڵای ژاپۆن (چەپ) | وێنە: Global Times

K24 - هەولێر

ڤانگ یی، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆنی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ناوەندی پارتی کۆمۆنیستی چین جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە ژاپۆن دژایەتی جیابوونەوە لە چین بکات کە دووەم گەورەترین ئابووریی جیهانە.

بەپێی هەواڵێکی کیۆدۆ نیوس، ڤانگ یی کە وەزیری دەرەوەی پێشوو چینە، لە پەکین لەگەڵ یۆهێی کۆنۆ، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ژاپۆن کۆبووەتەوە کە بە سەرۆکایەیەتی شاندێکی 80 کەسی زۆرینە بازرگان سەردانی چینی کردووە.

ڤانگ لێدوانی هەندێک لە لایەنەکانی ژاپۆنی بە "بێمانا و مەترسیدار" ناوبردووه‌ کە هەر دۆخێکی چاوەڕواننەکراوی تایوان بە باری نائاسایی بۆ ژاپۆن دادەنێن.

هەروەها داوایکردووه‌ تۆکیۆ هۆشیار بێت و جه‌ختی له‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌ پەیوەندییەکانی چین و ژاپۆن لە سەردەمێکی نوێی هەستیاردایە. ڤانگ داوای لە ژاپۆن کردووه‌ دژی جیابوونەوە لە چین بوەستێتەوە کە دووەم گەورەترین ئابووریی جیهانە.

هاوکات دیپلۆماتێکی باڵای چین داوای کردووه‌ رێگە بە وڵاتانی بیانیی نەدرێت لە ژاپۆنەوە دەست لە کاروباری ناوخۆی چین وەربدەن. لە بەرامبەردا یۆهێی کۆنۆ باسی لەوە کرد جیهانی کاری ژاپۆن پشتیوانی لەوە ناکات بابەتە ئابوورییەکان بە سیاسیی بکرێن و ئاماژەی بەوە دا، جیابوونەوە سوودی بۆ هیچ لایەنێک نییە.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممە 5ـی تەممووزی 2023، شاندەکەی ژاپۆن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی چین، لی چیانگ کۆبووەوە.