کۆپەرنیکۆس: مانگی رابردوو گەرمترین مانگی حوزەیران بووە لە جیهاندا

پێوەرکردنی پلەکانی گەرما |  وێنە: Space.com
پێوەرکردنی پلەکانی گەرما | وێنە: Space.com

K24 - هەولێر

سیستەمی چاودێریی مانگی دەستکردی کۆپەرنیکۆسی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، مانگی رابردوو گەرمترین مانگی حوزەیران بووە لە جیهاندا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی کۆپەرنیکۆس، مانگی حوزەیرانی 2023 بە جیاوازییەکی زۆر لەگەڵ مانگی حوزەیرانی 2019 کە ژمارەی پێوانەیی پێشوو بوو، گەرمترین مانگی حوزەیران بووە.

بەرزترین پلەکانی گەرما بە تایبەت لە باکووری رۆژئاوای ئەورووپا تۆمار کراوە. هەروەها مانگی حوزەیرانی 2023 لە زۆربەی ناوچەکانی ئەمەریکای باکوور لەوە گەرمتر بووە کە پێشبینی کراوە. پلەی گەرمیی رووی زەریاکان لەو مانگەدا گەیشتوونەتە گەرمترین ئاست.

لە لایەکی دیکەوە زۆربەی ناوچەکانی باشووری ئەوروپا و رۆژئاوای ئایسلاند و باکووری رۆژئاوای رووسیا لە سەرووی ئاستی مامناوەندەوە باراناوی بووە. بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە لە تورکیا، کۆسۆڤۆ و رۆمانیا لافاو دروست بووە.

هەروەها بڕی سەهۆڵی بەستەڵەکی باشوور گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی و ژمارەی پێوانەیی پێشووی مانگی حوزەیرانی بە جیاوازییەکی بەرچاو شکاند.