له‌ پاكستان به‌هۆی بارانی وه‌رزییه‌وه‌ 50 كه‌س گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن

لافاو له‌ پاكستان
لافاو له‌ پاكستان

K24 - هەولێر:

له‌وه‌ته‌ی مانگی رابردووه‌وه‌ بارانی وه‌رزی پاكستانی گرتووه‌ته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ لافاو دروست بووه‌ و له‌ ئه‌نجامیشدا ده‌یان كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه ‌و زیانێكی زۆریش به‌ر ژێرخانی ئابووری ئه‌و وڵاته كه‌وتووه‌.

به‌رپرسانی حكومه‌تی پاكستان رایانگه‌یاندووه‌، بارانی وه‌رزی به‌توندی ناوچه‌ جیاجیاكانی پاكستانی گرتووه‌ و به‌هۆیه‌وه ‌چه‌ندین رووداوی جۆراوجۆر روویان داوه ‌و جگه ‌له ‌زیانه‌ مرۆییه‌كان زیانێكی زۆریش به‌ر ژێرخانی ئابووری ئه‌و وڵاته‌ كه‌وتووه‌.

به‌گوێره‌ی زانیارییه ‌فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی پاكستان، تا ئێستا به‌هۆی ئه‌و لافاوانه‌وه‌ كه ‌له‌وه‌ته‌ی 25ـی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵه‌وه ‌ئه‌و وڵاته‌ی گرتووه‌ته‌وه‌، 50 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 87 كه‌سی دیكه‌یش بریندار بوونه‌وه ‌و زیانیان به‌ركه‌وتووه‌.

زانیارییه ‌فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی پاكستان ئاماژه‌ به‌وه ‌ده‌كه‌ن، زۆربه‌ی قوربانییه‌كان له‌ هه‌رێمی بنجابی رۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌ن و زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كانی گیانله‌ده‌ستدانیش به‌هۆی شۆرتی كاره‌بایی یاخود داڕمانی خانوو و باڵه‌خانه‌كانه‌وه‌ بووه‌ و زۆربه‌یشیان ئافره‌ت و منداڵ بوونه‌.

به‌رپرسانی حكومه‌تی پاكستان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ شاری لاهوور كه‌ دووه‌مین گه‌وره‌ترین شاری پاكستانه‌، بارانبارین ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی تۆمار كردووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك رێگا و شه‌قامه‌كانی شاره‌كه‌ وه‌ك رووباریان لێ هاتووه‌ و له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا بووه‌ته‌ هۆی پچڕانی 35%ـی هێڵه‌كانی كاره‌با و تۆڕه‌كانی ئاوی شاره‌كه‌.

فه‌رمانگه‌ی كه‌شناسی پاكستان پێشبینی ئه‌وه‌ی كردووه‌، له‌ رۆژانی داهاتوودا بارانبارین به‌خوڕتر بێت و هۆشداری داوه‌ له‌ زیادبوونی لافاو و وه‌ستانی ژیان له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی ئه‌و وڵاته‌.

ساڵی رابردووا به‌هۆی لافاوه‌كانی پاكستان 1739 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و زیانێكی گه‌وره‌یش به‌ر ژێرخانی ئابووری ئه‌و وڵاته‌ كه‌وت، به‌شێوه‌یه‌ك زیانه‌ ئابوورییه‌كان گه‌یشته‌ 30 ملیار دۆلار.