ئاگرێکی گەورە لە سنووری شارەدێی گاپیلۆن کەوتەوە

K24 – شارباژێر:

ئاگرێکی گەورە لە سنووری شاخی حەسەن بەگ، لە شارەدێی گاپیڵۆنی سەر بەقەزای شارباژێر کەوتەوە و تاکو ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

ئەمڕۆ هەینی(7ـی تەمموزی 2023)، کامەران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی گاپیڵۆن، بە کوردستان 24ـی راگەیاند، لە کاتژمێر 3ـی دوای نیوەڕۆوە ئاگرێکی گەورە لە سنووری شاخی حەسەن بەگ لە شارەدێی گاپیڵۆنی سەر بەقەزای شارباژێر کەوتووەتەوە، هاوکات تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و پۆلیسیش گەشتوونەتە شوێنی ئاگرەکە، بەڵام تاکو ئێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

هەروەها راشیگەیاند، بەهۆکاری ئەوەی ناوچەکە مین و تەقەمەنی زۆری تێدایە کە هەندێکیان تەقیونەتەوە نەتوانراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێ و داوای هاوکارییان کردووە، هەروەها ساڵانە بەهۆی هەندێک ئاژەڵەوە وەک بەراز و رێوی کە لە شاخەکەدا هەن بەسەر مین دەکەون و لە ئەنجامی تەقینەوەی مینەکەشدا ئاگری لەو شێوەیە روودەدات.

بەڕێوەبەری ناحیەی گاپیڵۆن ئاماژەی بەوەشدا، کاتێک ئەم کێوە ئاگر دەگرێت، تەشەنە دەسێنێت و دێتەوە خوارەوە بۆ سنووری گوندی  وڵاغڵو، دۆڵبێشک و کونە ماسی، هەروەها تا ئێستا زیانی گیانی نەبووە.