سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا دەست لەکاردەکێشێتەوە

مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا
مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا

K24 – هەولێر:

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووە مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا دەست لەکاردەکێشێتەوە بەهۆی نەگەیشتنە رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی هاوپەیمانی دوای ساڵ و نیوێک لە پێکهێنانی کابینەی ئێستا ئەو وڵاتە لەسەر پرسی کۆچبەران.

مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەنگاوی داهاتوویان ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتییە لە وڵاتەکەی بەهۆی ئەوەی دوای گفتوگۆیەکی زۆر و درێژ مەودا لەگەڵ لایەنە هاوپەیمانەکانی لەبارەی دانانی سیاسەتێکی نوێ بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتەکەی.

مارک رووتە (تەمەن 56 ساڵ) سەرۆکی پارتی گەلە لەپێناو ئازادی و دیموکراسی کە پارتێکی لیبراڵی راستڕەوە، ماوەی 12 ساڵە سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندایە کە ئەمەش درێژترین ماوەی مانەوەی سەرۆکوەزیرانە لە پۆستەکەی لە هۆڵەندا، کە لەگەڵ سێ لایەنی دیکە لە مانگی کانوونی دووەمی 2022، دوای 271 رۆژ لە کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکان، کابینەی حکومەتی ئێستای هۆڵەندای پێکهێنا.

میدیاکانی هۆڵەندا بڵاویانکردووەتەوە، دوای دانوستانێکی زۆر لەنێوان هەر چوار لایەنی پێکهێنەری حکومەتی هۆڵەندا لەبارەی پرسی کۆچبەرانەوە، کە مارک رووتە سەرۆکایەتی دەکات، شکستیهێنا لە گەیشتن بە رێککەوتن و دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش دەکەن.

پارتەکەی مارک رووتە داوا دەکات، سنووری زیاتر بۆ هاتنی کۆچبەران دابنرێت بەشێوەیەک دوای پێدانی مافی پەنابەریەتیش، بەشێوەیەکی رەها رێگەنەدرێت منداڵ و کەسوکاریان بهێنن و لە هۆڵەندا داوای مافی پەنابەریەتی بکەن، لە بەرامبەریشدا، سێ پارتەکەی دیکەی هاوپەیمانی سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، دژی ئەو هەنگاوەن و دژی ئەوەن ئەو بڕیارە کەسوکاری ئەو کەسانە بگرێتەوە کە مافی پەنابەریەتییان وەرگرتووە.

هەروەها مارک رووتە داوای ئەوەشی کردووە، کە ژمارەی هاتنی ئەو منداڵانەش دیاریبکرێت کە مانگانە لە ناوچە ناکۆکەکانەوە روو لە هۆڵەندا دەکەن بەشێوەیەک لە مانگێکدا لە 200 منداڵ زیاتر نەبێت، بەڵام بۆ ئەو خاڵەش، لایەنە هاوپەیمانەکانی لەگەڵیدا نین.

بە گوێرەی ئامارەکان، ژمارەی داواکاری بۆ مافی پەنابەرییەتی لە هۆڵەندا بە رێژەی سێ هێندە لە ساڵی رابردوو زیادیکرد کە گەیشتە 46 هەزار کەس و پێشبینیش دەکرێت ئەمساڵ بگاتە 70 هەزار کەس کە ئەمەش زیاترە لەو ژمارە پێوانەییەی ساڵی 2015 تۆمارکرا.

هاوکات ساڵی رابردوو، بەهۆی کاردانەوەکانی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەران کە لە دۆخێکی خراپدا پێشوازی دەکران لە بنکەکانی تۆمارکردنی پەنابەران، بەشێوەیەک زۆرێک لە کۆچبەران بەهۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوە و بەردەستنەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان و نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی لە چاوەڕوانی وەرگرتنی وەڵام بوون، حکومەتی هۆڵەندا رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە.