بڕیاره‌ بۆمبی هێشوویی بدرێتە ئۆکرانیا

K24 – هەولێر:

بڕیاره‌ بۆمبی هێشوویی بدرێتە ئۆکرانیا، سکرتێری گشتی ناتۆش دەڵێت، پێدانی ئەو تەقەمەنییە بە ئۆکرانیا بڕیارێکی تاکە کەسییە.

بڕیارە ئەمریکا لە نوێترین هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا، بۆ یەکەمجار پێدانی بۆمبی هێشوویی بە ئۆکرانیا رابگەینێت، یێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ ئاشکرای دەکات، ناردنی ئەو جۆرە تەقەمەنییە و هەر جۆرە چەک و تەقەمەنییەکی دیکە بۆ ئۆکرانیا بڕیارێکی تاکە کەسی ئەندامانی ناتۆیە.

لە بەرامبەردا رووسیا ناڕەزایەتی خۆی دەربڕیوە و ئاشکرای دەکات، پێدانی تەقەمەنی هێشوویی بە ئۆکرانیا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.

بۆمبی هێشوویی لە دەیان و سەدان تەقەمەنی بچووکتر پێکدێت، لەلایەن فڕۆکەوە دەخرێتە خوارەوە و هەروەها لەلایەن تۆپهاوێژ و مووشەکهاوێژە دەتەقێندرێت، زیانێکی زۆر بە ئامانجەکەیان دەگەینن و توانای تێکشکانی تانک و زرێپۆشییان هەیە.