ئەمساڵ 103 کۆچبەر لە سنووری ئەمەریکا - مەکسیک بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما گیانیان لەدەستداوە

سنووری نێوان مەکسیک و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا | وێنە: BBC
سنووری نێوان مەکسیک و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا | وێنە: BBC

K24 - هەولێر

ژمارەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023 لە سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە 103 کەس.

جەیسن ئۆونس، بەرپرسی دەورییەی پۆلیسی سنووری ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "کاریگەری بەرزی لە رادەبەری گەرما لە سنووری باشووری رۆژئاوا بەردەوامە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە، تیمەکانمان پێنج ھەزار و 91 کەسیان رزگارکردووە کە کەوتبوونەتە ژێر کاریگەری بەرزی پلەی گەرما و 103 کۆچبەری نایاسایی دیکەش بە شێوەیەکی تراژیدی بەھۆی بەرزی پلەی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە".

بەرپرسی دەورییەی پۆلیسی سنووری ئەمەریکا ھۆشداری دایە ئەو کۆچبەرانەی کە بەشێوەیەکی نایاسایی لە مەکسیکەوە دەیانەوێت بۆ ئەمەریکا دەرباز بن و گوتیشی: "بەھۆی تێپەراندنی سنوور بە شێوەیەکی نایاسایی ژیانتان مەخەنە نێو مەترسییەوە".

لەلایەکی دیکەش، تیمی پاراستنی سنوور و گومرکی ئەمەریکا لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێدا ئاماژەی بەوە دا "تێنووێتی ھۆکاری سەرەکی گیانلەدەستدانەکان"ە و تەنھا لە ھەفتەی رابردوودا بەھۆی بەرزی پلەی گەرماوە "13 کۆچبەری نایاسایی گیانیان لەدەستداوە و 226  کەسیش لە کۆتا ساتدا رزگارکراون".

لە راپۆرتەکانی پێشبینی ئاوھەوادا باس لەوە کراوە کە پلەکانی گەرما لە ویلایەتەکانی باشووری رۆژئاوای ئەمەریکا لە نزیک سنووری مەکسیک لەم دواییانەدا گەیشتووەتە ئاستێکی مێژوویی.

رۆژی پێنجشەممە 29ـی حوزەیرانی 2023، میدیاکانی مەکسیک ئاماژەیان بەوە دا، بەهۆی بەرزبوونەوەی زیاد لە رادەی پلەکانی گەرما بە تایبەت لە باکووری رۆژئاوا و باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئەو رۆژە 112 کەس گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستیی مەکسیک؛ ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، تەمەنیان لە نێوان 45 بۆ 64 ساڵدا بووە.