ئێران دەستی بەسەر کەشتیەکدا گرتووە کە 900 تۆن سوتەمەنی قاچاخی هەڵگرتبوو

وێنەی کەشتیەکە
وێنەی کەشتیەکە

K24 - هەولێر

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێران، سوپای پاسدارانی ئێران بە فەرمانی دادگا دەستی بەسەر تانکەرێکدا گرتووە کە 900 تۆن "سووتەمەنی قاچاخ" لەگەڵ تیمێکی 12 کەسی هەڵگرتبوو.

ئاژانسی هەواڵی فارس، بڵاوی کردەوە، رۆژی هەینی، لە بەندەری بەندەر عەباس لە باشووری ئێرانەوە کەشتییە دەوریەییەکانی سەر بە هێزی دەریایی سوپای پاسداران، دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرت، کە 900 تۆن سووتەمەنی قاچاخ و 12 کەس لە ئەندامانی تیمی کەشتییەکە هەڵگرتبوو.

ئێران کە بەهۆی دابەزینی بەهای دراوەکەیان هەرزانترین نرخی سووتەمەنیان لە جیهاندا هەیە، بۆیە بردنی سووتەمەنی بە قاچاخ، لە ڕێگای وشکانی بۆ وڵاتانی دراوسێ و لە ڕێگەی دەریاوە بۆ هەندێک وڵاتی دیکە بووەتە دیاردە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران "ئیرنا" لە زاری بەرپرسی بەندەر و دەریایی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، "کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی (ڕیچمۆند ڤۆیاجەر) کە ئاڵای دوورگەی بەهاماسی لەسەر بوو، لەگەڵ کەشتییەکی ئێرانیدا پێکیاندادا و پێنج ئەندامی تیمی کەشتییەکە بە سەختی برینداربوون.

بەگوێرەی ئاژانسەکە، دوای ئەم پێکدادانەش کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی ڕیچمۆند ڤۆیاجەر، بەبێ گوێدانە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکانی دەریایی بەردەوام بووە لە رۆیشتن لەسەر رێگاکەی خۆی".