کۆشکی سپی لەسەر دۆزینەوەی کۆکاین لە باڵەخانەکەیدا هاتە دەنگ

باڵەخانەی کۆشکی سپی
باڵەخانەی کۆشکی سپی

K24 - هەولێر

کۆشکی سپی وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە کە ئاراستەی کوڕی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا کراوە، هەروەها دۆزینەوەی کۆکاین لە شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

رۆژی یەکشەممە لە باڵی رۆژئاوای کۆشکی سپی لە ناوچەیەک کۆکاین دۆزرایەوە کە بەزۆری سەردانیکەران سەردانی ئەو شوێنە دەکەن، ئەمەش مشتومڕێکی سیاسیی لێکەوتەوە کە دەسەڵاتی جێبەجێکردن چەند رۆژێکە هەوڵی هێورکردنەوەی دەدات.

دوای راگەیاندنی رووداوەکە، ژمارەیەک کەسایەتی راستڕەو پەنجەیان ئاراستەی هانتەر بایدنی کوڕی جۆو بایدن کرد بەهۆی ئالوودەبوونی بە ماددە هۆشبەرەکان لە رابردوودا.

لەنێویاندا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، کە لەڕێگەی ئەکاونتی خۆیەوە لە ئەپڵیکەیشنی تایبەتی خۆی بەناوی "تروس" پۆستێکی بڵاوکردەوە، کە بەشێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن میدیاکانەوە بڵاوکرایەوە، کە تیایدا بایدن و هانتەری کوڕی تۆمەتبارکرد بەوەی بەرپرسیارن لە بوونی کۆکاین.

ترەمپ پرسیاری کرد، ئایا بەڕاستی کەس باوەڕی بەوە هەیە ئەو کۆکاینەی لە باڵی رۆژئاوای کۆشکی سپی هەبووە، جگە لە هانتەر و جۆ بایدن کەسێکی تر بەکاری هێنابێت؟

لای خۆیەوە، گوتەبێژی کۆشکی سپی، کارین جان پیێر، وەڵامی ئەم تۆمەتانەی دایەوە و جەختی لەوە کردەوە کە "خێزانی بایدن لەوێ نەبوون" کاتێک رووداوەکە روویدا.

هەروەها کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە کە دۆزینەوەی کۆکاین لە شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ئاسایشی نیشتمانیی نەخستووەتە مەترسییەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ژووری قەیرانەکان لە کاتی دۆزینەوەی ماددەکەدا چۆڵ بووە.

جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، ئەو ماددە هۆشبەرانە لە نزیک ژووری قەیرانەکان لە کۆشکی سپی دۆزراونەتەوە، بەڵام ژوورەکە ماوەی چەند مانگێکە بەهۆی بەردەوامی کارەکانی بیناسازییەوە بەکارنەهێنراوە.