لێدوانه‌كانی ئێمباپێ كاردانه‌وه‌ی زۆر له‌ نێو پاریس به‌دوای خۆیدا هێنا

کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ

کیلیان ئێمباپێ لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی لیکیپ یانەی پاریس سانجێرمان تووڕە دەکات و ئێمباپێ رەخنە لە بەرپرسانی پاریس سانجێرمان دەگرێت و دەڵێت من بۆیە پێداگیری لەسەر رۆیشتن دەکەم چونکە ئامادە نیم لە یانەیەک یاریی بکەم تەنیا ئامانجی بەشداریکردن بێت لە چامپیۆنزلیگ، دەشڵێت لە پاریس سانجێرمان دووبەرەکی هەیە بۆیە یارمەتیدەرم نین لە پیشاندانی ئاستی خۆم.

کیلیان ئێمباپێ بە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی جارێکی دیکە گڕی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پاریس سانجێرمان بەردا و بۆمبێکی گەورەی بە قسەکانی تەقاندەوە و بەرپرسانی یانەکەی پاریسی تووڕە کردووە.

کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی رەخنەیەکی توندی لە بەرپرسانی یانەکەی گرتووە و لەبارەی هۆکاری بەدەست نەهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ دەڵێت: ئەم پرسیارە لە من مەکەن، پرسیار لە بڕیاربەدەستەکانی یانەکەمان بکەن، پرسیار لەوانە بکەن کە ئەم یانەیان بونیاد ناوە.

ئێمباپێ هەر بەوەندەش ناوەستێت خۆی پێ لە یانەکەی گەورەتر پیشان دەدات و دەڵێت: یاریکردن لە یانەی پاریس سانجێرمان بۆ من زۆر یارمەتیدەر نییە، چونکە یانەکەمان دابەشبووەتە سەر دوو بەرە.

هێرشبەرە فەرەنسییەکە دەشڵیت: دەزانم ئەم قسانەم کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە، بەڵام من گوێی پێنادەم و بێزارم ناکات، چونکە من دەزانم چی لەسەرم پێویستە بیکەم و چیدەکەم.

ئێمباپێ لەبارەی هۆکاری ئەوەی پێداگیری لەسەر بەجێهێشتنی یانەکەی دەکات و بڕیاریداوە وەرزی داهاتوو دوایین وەرزی بێت لەگەڵ پی ئێس جی، دەڵێت: من لە هەر شوێنێک بم و بەرامبەر هەر کەسێک یاریی بکەم لەپێناوی بردنەوە یاریی دەکەم، من یاریزانێکی رکابەریم و دەمەوێت نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەست بهێنم، ئامادە نیم لە یانەیەک یاریی بکەم تەنیا ئامانجی بەشداریکردن بێت لە چامپیۆنزلیگ.

دوای بڵاوبوونەوەی قسەکانی ئێمباپێ هەرزوو کاردانەوەکانی دیمانەکە بڵاوبوونەوە، کەناڵی سکای سپۆرتسی بەریتانی و ئاڕ ئێم سی فەرەنسی ئاشکرایان کردووە، بەرپرسانی پاریس سانجێرمان زۆر تووڕەن و پێیانوایە ئێمباپێ بە قسەکانی سووکایەتی بە یانەکەیان کردووە، تەنانەت شەش یاریزانی یانەکە نامەیان بۆ ناسر خلێفی ناردووە و پێیان گوتووە، ئێمباپێ سووکایەتی بە یانەکەیان کردووە و قسەکانی بێڕێزین بەرامبەر پاریس سانجێرمان.

ناسر خلێفی و قەتەرییەکان زۆر تووڕەکان و خلێفی گوتویەتی: مادەم ئێمباپێ پێیوایە یانەکەمان بەوشێوەیە بۆ لە یانەکەمان ناڕوات.