رەوەند قادر: هەماهەنگی تەواو لەگەڵ لایەنەکان دەکەین بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان

رەوەند قادر، بەڕێوەبەری شارەدێی داراتوو
رەوەند قادر، بەڕێوەبەری شارەدێی داراتوو

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری شارەدێی دارەتوو، رایدەگەیەنێت، چەند رێگایەکی جیاواز بەکار دەهێنن بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان و پێویستە هاووڵاتییانیش لە کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان هاوکاربن، هاوکات گووتیشی: هەماهەنگی تەواو لەگەڵ لایەنەکان دەکەین بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان.

رەوەند قادر، بەڕێوەبەری شارەدێی دارەتوو، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، ئەمڕۆ  هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە سنووری شارۆچکەی دارەتوو دەستیپێکرد و ژمارەیەک لە سەگی بێلانە کۆکرانەوە رەوانەی شێڵتەر کران.

هاوکات راشیگەیاند، ئەمڕۆ ئەو هەڵمەتەیان راگەیاند، بە ئامانجی ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن ئاگەداریان بکەنەوە بوونی سەگە بێلانەکان.

بەڕێوەبەری شارەدێی دارەتوو، ئاماژەی بەوەکرد، بە رێگەی جیاواز سەگە بێلانەکان کۆدەکرێنەوە، هەروەها  چوار میکانیزم هەن بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان کە بریتین لە، بە قەفەس کردنیان، پێدانی گۆشت و خواردنە بۆ ئەوەی ماڵی بکرێن. زۆرجار هاووڵاتیان دەبنە هاوڕێی سەگەکان، دەتوانین سوود لەوانیش وەرگرین، هەروەها لە رێگەی تفەنگی بێهۆشکەر، بیهۆش دەکرێن، بەڵام تەنیا بۆ ئەو سەگانە بەکار دەهێنرێن کە هارن و هەوڵی رووبەڕووبوونەوە دەدەن.

باسی لەوەشکرد، ئەمڕۆ لە ماوەی کاتژمێرێکدا هەشت سەگی بێلانە کۆکرانەوە و رەوانەی شێڵتەر کران، هەروەها هەڵمەتەکە بە شەوان دەستپیدەکات، ئەوەی ئەوڕۆ کرا تەنیا دەستپێکی هەڵمەتەکە بوو.

رەوەند قادر، گووتیشی: "هەماهەنگی تەواو لەگەڵ لایەنەکان دەکەین بۆ کۆکردنەوەی سەگەکان، هەروەها لە هەڵمەتەکەی ئەمڕۆ تیمی تەندروستیش لەگەڵمان بەشداربوون".

پێشتریش، مامەند محەممەد، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاندبوو، شێڵتەرەکە دەکەوێتە سەر رێگای گوێڕ نزیک کارگەی شیش رووبارەکەی 20 دۆنم دەبێت و شوێنی نزیکەی پێنج هەزار سەگی تێدا دەبێتەوە.

هەروەها راشیگەیاندبوو، سەرەتا لە هەڵمەتێکدا لەناو سەنتەری شاری هەولێر ژمارەیەک سەگ دەستگیردەکرێن بۆ ئەوەی بارگرانی لەسەر سەنتەری شار کەمبێتەوە.

ئاماژەی بەوەدا، کاتێک سەگە بێلانەکان دەستگیرکران سەرەتا ستافی ڤێرتەنەری لەناو شێڵتەرەکەدا هەڵدەستن بە ئەنجامدانی نەشتەرگری بۆ سەگەکان و نەزۆکیان دەکەن، بۆ ئەوەی رێژەیان سنووردار بکرێت، دواتر ئازاد دەکرێن.

بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر، دەشڵێت: دوای ئەوەی نەشتەرگەری بۆ سەگەکان دەکرێن و نەزۆک دەکرێن، ژمارەیەک دادەنرێت لە گوێچکەیان و ناویان تۆماردەکرێت، دواتر کاتە ئازاد دەکرێن.

گوتیشی: دوای نەشتەرگەری بۆ سەگەکان دەکوترێن بە ڤاکسینی دژی هاری سەگ و چارەسەری نەخۆشە مشەخۆرە ناوەکیەکانیان بۆ دەکرێت و ژمارەیان بۆ دادەنرێت لە گوێچکەیان، هەروەها لیستیان بۆ دەکرێتەوە ناویان تۆمار دەکرێت و دواتر ئازاد دەکرێن، بەم شێوەیە رێژەی سەگی بێلانە بە تێپەڕبوونی کات کەمدەبتەوە.

مامەند محەممەد، روونیکردەوە، پێداویستی شێڵتەرەکە لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە دابیندەکرێت و هەروەها کۆمپانیای زاگرۆس هاوکارە لەگەڵ پاریزگاری هەولێر لە بەڕێوەبردنی شێڵتەرەکە و دابینکردنی پێداویستی بۆی.

باسی لەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت کە زیاتر لە 25 هەزار سەگی بێلانە لە سنووری پارێزگای هەولێر هەبێت.

جەختی لەوەشکردەوە، "ئەو پڕۆسەی کە ئەوان دەیکەن لەناوبردنی سەگی بێلانە نییە، بەڵکو سنووردارکردنی ژمارەکەیەتی، هەروەها رێکخراوی ئاژەڵ دۆستانیش هاوڕامان بوون لەم کارە".

سەبارەت بە نەخۆشی هاری سەگ، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر، گوتی: ڤایرۆسی نەخۆشی هاری لە رێگەی لیک و گەستنی سەگەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.