هاوار محه‌ممه‌د: دەکرێت لەڕێگەی دەستەیەکی دادوەرییەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت

هاوار محه‌ممه‌د، به‌رپرسی به‌شی یاسایی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان
هاوار محه‌ممه‌د، به‌رپرسی به‌شی یاسایی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

به‌رپرسی به‌شی یاسایی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایدەگەیەنێت، دەبێت لایەنە سیاسییەکان لە ئاست بەرپرسیارەتی دابن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هاوکات دەشڵێت: دەکرێت لەڕێگەی دەستەیەکی دادوەرییەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.

هاوار محه‌ممه‌د، به‌رپرسی به‌شی یاسایی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8ـی کوردستان24، رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵدان کە وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکەن و لەگەڵ بەغدا بەردەوام لەسەر هێلن بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەرەیک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

هەروەها، دەشڵێت: دەکرێت دەستەیەکی دادوەری دابنرێت لە هەرێم و لەو رێگەیەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.

به‌رپرسی به‌شی یاسایی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، دەبێت لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەبن.

روونیکردەوە، بەهۆی ئەوەی پەرلەمان نەماوە بۆشاییەکی یاسایی درووستبووە لە هەرێم و کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر پێگەی کوردستان دروستکردووە لە ئاستی نێودەوڵەتی، دەبێت لە نزیکترین کاتدا دەرچەیەکی یاسایی بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت.

هاوار محه‌ممه‌د، گووتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین سازشی کردووە تا لایەنەکان رێککەون و هەڵبژاردن لە کاتیی خۆیدا ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی پڕۆسەکە بەو شێوەی لێهات".

گووتیشی: "لایەنە سیاسیەکانی کوردستان هەموویان لەپێش مایکەکانەوە دەڵێن ئامادەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، کەچی لە راستیدا گشتیان لەگەڵ ئەوەدان خۆیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بدزنەوە، تاوەکو بەردەوام هەرێمی کوردستان لە بۆشایی یاساییدا بمێێنێتەوە، هەروەها دەبێت هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت ئەگەر هەر لایەنێکیش لە دەرئەنجامەکەی دەترسێت با بەشداری نەکات".

باسی لەوەشکرد، بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان لە هەموو حزبەکان گەورەترە، بۆیە زۆر گرنگە هەڵبژاردن بە زوویی ئەنجامبدرێت، دەکرێت هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی کوردستان لە یەک کاتدا ئەنجامبدرێت.

لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، به‌رپرسی به‌شی یاسایی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، گووتی: "سەرقاڵی ئەوەیەن ئامادەکاری بکەین بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێگاکانی عێراق، دەمانەوێت زۆریترین لایەنی کوردی ئەوانەی بڕوایان بە پرسە نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە کۆیانبکەینەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەک".

گووتیشی: "دەمانەوێت زۆرترین دەنگی کورد کۆبکەینەوە، بۆ ئەوەی کورد بتوانن زۆرترین کورسی بەدەست بهێنن و رۆڵیان بە شێوەیەک  بێت کە شایستە بێت بە پێگەی کورد".