هێرشێکی ئاسمانی سوپای سوودان دەیان قوربانی لێدەکەوێتەوە
K24 - هەولێر
سوپای سوودان هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر گەڕەکێکی خەرتوومی پایتەخت ئەنجامدا؛ بەهۆیەوە لانیکەم 20 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسی دیکەش بریندارن.
لهچوارچێوهی پێکدادانەکانی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا؛ ئێوارەی شەوی رابردوو (8ـی تەممووزی 2023)، فڕۆکە جەنگییەکانی سەر بە سوپای ئەو وڵاتە گەڕەکی دارسەلامی ئومدورمانیان لە رۆژئاوای خهرتوومی پایتەخت بۆردوومان کرد.
هێزەکانی پشتیوانی خێرا راگەیەندراوێکی لەبارەی ئەو بۆردوومانە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی سوپادا لە گەڕەکی دارسەلامی ئومدورمان، لانیکەم 31 کەس کوژراون و دەیان کەسی سڤیلیش بریندارن.
لەلایەکی دیکەوە لە راگهیهندراوی سوپای سووداندا ئاماژە بەوە کراوە، لە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت لە ئومدورمان، ژمارهیهك ئەندامی هێزەکانی پشتیوانی خێرا کوژراون و كهلوپهلی جەنگییان لەناوبراون.
86 رۆژە پێکدادانەکان کە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ئەمساڵ لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لهو وڵاته دەستیانپێکرد، درێژهی ههیه. بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، بەهۆی بەردەوامی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەو وڵاتەوە، تا ئەمڕۆ زیاتر لە 540 کەس کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش بریندارن.
رۆژی سێشەممە 20ی حوزەیرانی2023، فیلیپۆ گراندی، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە نیو ملیۆن هاووڵاتی ئەو وڵاتە ئاوارەبوون و ژمارەی ئاوارەی ناوخۆییش گەیشتووەتە دوو ملیۆن کەس.