80 تراکتۆری بچووک بەسەر جووتیارانی هەڵەبجە دابەش دەکرێت

دابەشکردنی تراکتۆر بەسەر جووتیارانی هەڵەبجە - فۆتۆ: ئەفین عەتا
دابەشکردنی تراکتۆر بەسەر جووتیارانی هەڵەبجە - فۆتۆ: ئەفین عەتا

K24 – هەڵەبجە

ئەمڕۆ 80 تراکتۆری بچووک بەشێوەی تیروپشک بەسەر جووتیارانی هەڵەبجە دابەش دەکرێت.

ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو تراکتۆرانەی ئەمڕۆ بەسەر جووتیاران دابەش دەکرێن لە رێگەی رێکخراوێکی ئەڵمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە دابینکراون".

گوتیشی: "لەبەر ئەوەی ژمارەی تراکتۆرەکان بەراورد بە ژمارەی رەز و باخەکان کەمترە، ناچاربووین بە رێگەی تیروپشک تراکتۆرەکان دابەش بکەین، ئەو جووتیارانە دەگرێتەوە کە رەز و باخەکانیان دەکەوێتە ناوچەی دەشتایی، چونکە ئەوان دەتوانن سوودی لێ ببینن".

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە، ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو جووتیارانەی تراکتۆریان پێدەدرێت دەبێ رووبەری باخەکەیان لە سێ دۆنم زیاتر بێت".

باسی لەوەشکرد، داوایان لە جووتیارەکان کردووە، لە هیچ حاڵەتێکدا تراکتۆرەکە نەفرۆشن، بەڵکو بۆ کارئاسانی کاری کشتوکاڵی سوودی لێ ببینن.