هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆدەبنەوە

لۆگۆی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان (راست) و لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان (چەپ)
لۆگۆی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان (راست) و لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان (چەپ)

K24 - هەولێر

هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆدەبنەوە و تاوتوێی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان دەکەن.  

ئەمڕۆ یەكشەممە 9ـی تەممووزی 2023، هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام کۆدەبنەوە.

ئەم کۆبوونەوەیە درێژەپێدەری دوایین کۆبوونەوەی نێوان هەردوو مەکتەب سیاسییە کە رۆژی دووشەممە 26ـی حوزەیرانی 2023، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر بەڕێوەچوو. بەگوێرەی زانیارییەکانی هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، هەمان شاندی هەردوولا کە بەشدارییان لە کۆبوونەوەی رابردوودا کرد، بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەکەن.

رۆژی 18ى کانوونى یەکەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق ئەنجام دەدرێت. پێشتر نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان رۆژی 18ـی تشرینى دووەمى 2023ى دیاریکردبوو بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەرلەوەى لە 30ى ئایار دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق درێژکردنەوەى تەمەنى خولی پێنجەمی پەرلەمانى کوردستان بە "نادەستوورى" لەقەڵەم بدات.

پەیامنێری کوردستان24 زانیویەتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی، تاوتوێی چۆنیەتی بەشداریکردنی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت.

رۆژی چوارشەممە 5ـی تەممووزی 2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، تا ئێستا رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشاننەکراوە و چاوەڕێی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی بە نووسراوێکی فەرمی رۆژەکەیان بۆ دەستنیشانبکەن و ئەوانیش دەست بە ئامادەکاری بکەن.

جومانە غەلای ئاماژەی بەوەش دا، کۆمیسیۆن ئامادەیە سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات، بەڵام وەکو خۆی گوتی، ئەگەر هاوکات نەبێت لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، چونکە ناتوانن دوو هەڵبژاردن لە یەک کاتدا بەڕێوەببەن.