سەرچاوە عێراقییەکان: رفاندنی تسۆرکۆڤ بە ئامانجی دروسکردنی فشارە لەسەر ئیسرائیل

ئەلیزابیس تسۆرکۆڤ
ئەلیزابیس تسۆرکۆڤ

K24 - هەولێر

هەرچەندە دەسەڵاتدارانی عێراق پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ دۆسیەی رفاندنی توێژەری ئیسرائیلی- رووسی، ئەلیزابیس تسۆرکۆڤ کردووەتەوە، بەڵام ئاماژەیان بەوەکرد هیچ پێشکەوتنێک لە بەرەوپێشچوونی کەیسەکە نییە.

سەرچاوە جیاوازەکان لە حەشدی شەعبی و ئاسایشی نیشتیمانی و پەرلەمانتاران رایانگەیاند، رفاندنی ئەلیزابیس تسۆرکۆڤ لە بەغدا، بە ئامانجی ئەوەیە فشار لەسەر لایەنی ئیسرائیلی درووستبکەن بۆ زیندووکردنەوەی دانوستانەکان، لەسەر دەستگیرکراوێکی ئێرانی لە تەلئەبیەب.

هەروەها سەرچاوەیەکی ئەمنی نزیک لە میلیشیا چەکدارەکان رایگەیاند، تسۆرکۆڤ لەلای "حزبوڵڵا"ی عێراقیە، لەسەرداواکاری ئێران دەیپارێزێت، سەرچاوەیەکی دیکە باس لە گواستنەوەی دەکات بۆ ئێران.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا دانوستانەکان لەنێوان ئێران و ئیسرائیل دەستی پێکردووە، بەڵام بۆ ئاسانکاری دانوستانەکان ناوچەیەکی دەرەوەی ناوچە عەرەبیەکانییان هەڵبژاردووە، باس لەوەشدەکرێت، دانوستانەکان بەدەستوەردانی رووسیا بەڕێوە دەچێت، رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا ئەو ئیسرائیلیە ئازاد بکرێت لە بەرامبەر ئازادکردنی یوسف شەهابزی، کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا ئیسرائیل لەناو ئێران رفاندبووی، بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیلییەکانی قوبرس.

تسۆرکۆڤ زیاتر لەجارێک سەردانی عێراقی کردووە و رووبەرووی هیچ رفاندنێک نەبووەتەوە، هەروەها چاوی بە لایەنە سەربازییەکان کەوتووە، ئارەزووی خوێندنەوە و توێژینەوەی لەسەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق و سووریا هەبووە، تسۆرکۆڤ چەندین وێنەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکردووەتەوە کە چاوی بە ئەندامانی رەوتی سەدر و میلیشیاکانی دیکە کەوتووە، هەروەها ئارەزووی سەردانی کردنی شارە شیعەکانی هەبووە.

توێژەرە ئیسرائیلییەکە، لەگەڵ چەکدارانی رەوتی سەدر کۆبووەتەوە و بەشداری لە نوێژی هەینیدا کردووە لەشاری بەغدا، هەندێک لە نەیارانی رەوتی سەدر، سەدرییەکان تۆمەتباردەکەن بەرفاندنی تسورکۆڤ، لەوەڵامدا سەدرییەکان دەڵێن: "هەموو عێراقییەکان دەزانن کێ شارەزاییە لەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانە".

سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، "ئەو توێژەرە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەدرییەکان کردووە، لە نوێژی هەینی ئامادەبووە، بەڵام لەگەڵ کەسی ئاسایی چاوپێکەوتنی کردووە نەک سەرکردەکان، دەشزانن ئەو توێژەرە تەنها هاوسۆزی لەگەڵ سەدرییەکان هەبووە و بەشێوەیەکی ئاشکرا هاتووەتە عێراق.

.

باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لەلێدوانێکیدا گوتی: "لەبەر ئەوەی ئەم کەیسە لەم ئاستەدایە، هیچ لێدوانێکی فەرمی لەم بارەیەوە نییە هەتا ئەو کاتەی حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوە فەرمییەکانی تەواو دەکات و دەگاتە ئەنجام".

هەروەها سەرچاوەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش رەتی کردەوە، رێگە بە کەسایەتییەکی ئیسرائیلی بدەن بێنە ناو وڵاتەکەوە لەبەر ئەوەی یاسا سەرەکییەکان رێگری لە هاتنی ئیسرائیلییەکان دەکەن بۆیە ئەو وەک هاوڵاتییەکی رووسی هاتووەتە وڵاتەکەوە.  

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل حزبوڵڵای عێراق تۆمەتباردەکات بە ڕفاندنی تسورکۆڤ لە عێراق بەر لە چوار مانگ، ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرس لە حزبوڵڵای عێراقی، لەتویتەری خۆی رایگەیاند، داننانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە هەبوونی هاواڵگری ئیسرائیلی لە عێراق ئەمە زۆر مەترسیدارە.

بەرپرسێکی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، گریمانەیەکی زۆر هەیە دەربارەی ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق ناتوانن بگەنە ئەنجامێکی باش دەربارەی بارودۆخی ڕفاندنەکە، بەتایبەتی لەگەڵ ئەوەی دەزانن کە ڕفاندنەکە لەلایەن لایەنێکی چەکدارەوە ئەنجام دراوە کە کاریگەرییەکی بەربڵاوی لە عێراقدا هەیە.