ئەشواق جاف: ئەگەر ئیرادەی راستەقینە هەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت

ئەشواق جاف
ئەشواق جاف

K24 – هەولێر

ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایدەگەیەنێت، ئەگەر لایەنەکان ئیرادەی راستەقینەیان هەبێت دەتوانرێت ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت.

ئەشواق جاف، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی، سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "گرنگە ئیرادەیەکی راستەقینە هەبێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆیە پێویستە بزانین کە برادەرانی یەکێتی دەیانەوێت ئەم هەڵبژاردنە لە چۆن و چ کاتێک بکرێت، چونکە ئێمە وەکو پارتی هەڵوێستمان لەبارەی هەڵبژاردنەوە ئاشکرایە".

لەبارەی ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، دەڵێت: "راستە کۆمسیۆن رایگەیاندووە لە رووی تەکنیکییەوە ناتوانرێ ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، بەڵام بە بۆچوونی من ئەگەر ئیرادە و رێککەوتن لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان هەبێت دەتوانن پێداگری لەسەر ئەوە بکەن کە ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت".

ئەشواق جاف، گوتیشی: "دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر شەرعیەتی پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان".

راشیگەیاند: "پێش بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی درێژکردنەوەی پەرلەمان، یەکێتی چەند مەرجێکی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەبوو، یەکێک لە مەرجەکان فرەبازنەیی بوو، ئێمە وەکو پارتی بەوەشیان رازی بووین، سەبارەت بە پێکهاتەکان پارتی پێی وایە دەبێت پێکهاتەکان خۆیان بڕیار بدەن و هیچ هێزێک لەجیاتی ئەوان بڕیار نەدات، پارتی چونکە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە و باوەڕی بە شەفافیەت هەیە بە هەموو مەرجەکانی یەکێتی رازی بوو، بەڵام ئێستا کە بڕیاری دادگای فیدراڵی دراوە دەبێ لەسەر یاسای پێشوو هەڵبژاردن بە یەک بازنەیی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت".

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی جەختیکردەوە، ناکرێ لەوە زیاتر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت.

دەربارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و یەکدەنگی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان، ئەشواق جاف پێی وایە: "ئەگەر زۆرینەی لایەنە کوردستانییەکان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەن، هەم کاریگەری ئەرێنی دەبێت بۆ دەروونی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان، هەمیش ئەو چانسە دەدات کە دەنگ و کورسی لایەنە کوردستانییەکان لەو ناوچانە بە فیڕۆ ناچێت، بەتایبەتیش لە کەرکووک کە لە دۆخێکی تایبەتدایە و لە بەغدا بەپێی کورسی لە ئەنجومەنی پارێزگا مامەڵە پێکهاتەکان دەکرێت".