ڤیان سەبری: ئەگەر پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی پەسەندکرا، دادگاکە بڕیاری سیاسی نادات

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز و دادگای فیدراڵی بۆ هەموو عێراق گرنگە، نەک تەنها هەرێمی کوردستان. لەبارەی سەردانەکەی شاندێکی حکومەتی هەرێمیش بۆ بەغدا دەڵێت، "هێندەی زووتر بێت، باشترە".

ئەمڕۆ یەكشەممە 9ـی تەممووزی 2023، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان،24 باسی لە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق، جێبەجێکردنی یاسای بودجە، پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز و دادگای فیدراڵی، سەردانی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و چەند پرسێکی دیکەی هەنووکەیی کرد.

پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە سیاسییەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە حکومەتی ئێستای عێراق لەسەری پێکهێندراوە؛ دوای دەستبەکاربوونی سوودانی، دەبووایە لەماوەی شەش مانگدا ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەیاسای نەوت و گازی رەوانەی پەرلەمان کردبا و ئەویش پەسەندی کردبا، بەڵام وەکو خۆی باسی دەکات، بەهۆی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتییەوە، کە گفتوگۆکانی نزیکەی دوو سێ مانگی خایاند، تا ئێستا پڕۆژەیاساکە نەچووەتە پەرلەمان.  

وەکو ئەوەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی پێ دەدات، بێجگە لە یاسای نەوت و گاز، کە "بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانیش گرنگە"، پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکانی ئەنجوومەنی یەکێتی فیدراڵی و دادگای فیدراڵی و  هەموارکردنەوەی یاسای دژە تیرۆر، لێبووردنی گشتی و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی ئەنجوومەنی شۆڕشی سەردەمی رژێمی بەعس "بۆ هەموو لایەک گرنگی خۆی هەیە."

ڤیان سەبری پێیوایە بەهۆی ئەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان (شیعە، سووننە و کورد) لەبارەی کارنامی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی رێککەوتوون، "هیچ رێگرییەک نابێت" لەبەردەم پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز و هەموارکردنەوەی هەندێک یاسای دیکە.

ڤیان سەبری: ئەگەر پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی پەسەندبکرێت، دادگاکە بڕیاری سیاسی نادات

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاماژەدان بەوەی یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەیاساکان کە دەبێت لەماوەی کابینەی سوودانیدا پەسەندکرێت، پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵییە؛ گوتیشی، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 پڕۆژەیاساکەیان ئامادەکردبوو، "بەڵام بەهۆی رێککنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر پڕۆژەیاساکە" نەتونرا ئەو کات پەسەند بکرێت و دواخرا.

بەپێی ماددەی 92ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، دادگای باڵای فیدراڵی دەستەیەكی سەربەخۆی دادوەری باڵایە، كە بەرزترین دەسەڵاتی داوەرییە و لە ژمارەیەك دادوەر و فوقەهای ئیسلامیی و یاسایی پێكدێت.

پێویستە دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی بدەن بۆ ئەوەی پەسەندبکرێت. بە پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە، وەکو ئەوەی ڤیان سەبری باسی دەکات، "دادگاکە زیاتر سەنگی دەبێت، بڕیارەکانی سیاسی نابن و هەموو پێکهاتەکانی عێراق بە پێیان رازی دەبن" بۆیە ئەم یاسایە گرنگی تایبەتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانیشی هەیە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: ئەو ماددەی سوودانی سکاڵای لەسەر تۆمارکردوون پەیوەندییان بە کوردەوە نییە

رۆژی دووشەممە 3ـی تەممووزی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دادگای فیدراڵی سکاڵای لە دژی ماددەکانی (دوو، دوازدە، شازده‌، بیست، بیست و هه‌شت، په‌نجاوحه‌فت، شه‌ست و دوو، شه‌ست و سێ، شه‌ست و پێنج، حه‌فتا، حه‌فتا و یه‌ك، حه‌فتا و دوو و حه‌فتاو پێنج) لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق تۆمارکرد و داوای کرد تا ئەو کاتەی "دادگا بڕیار لەسەر نادەستووریبوونی" ئەو ماددانە دەدات، کاریان پێنەکرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دژی ژمارەیەک یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 رایگەیاند، هیچ یەکێک لەو بڕگە و ماددانەی لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە، پەیوەندییان بە کورد و هەرێمی کوردستانەوە نییە.

رۆژی 26ـی حوزەیرانی 2023، رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025ـی بڵاوکردەوە و بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی داد، یاساكه‌ له‌ 1ـی كانوونی دووه‌مه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنەوە.

ناڕەزایەتییەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبەرامبەر ژمارەیەک برگە و ماددەی یاسای بودجە، بەگوتەی ڤیان سەبری، لەسەر دوو پرس بووە، "یەکەم؛ دەستکاریکردنی بنەمای کارنامەی حکومەتی عێراق، کە نابێت پەرلەمان لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەدا دەستکاریی بکات و دووەمیش؛ خەرجی گشتیی حکومەت بووە، کە هەندێک گرفتی هەبووە".

سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا

رۆژی شەممە 2ـی تەممووزی 2023، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، شاندێکی وەزارەتی دارایی و ژمارەیەک بەرپرسی حکومەتی هەرێم بۆ تاوتوێکردنی ناردنی مانگانەی شاییستە داراییەکانی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات، "بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە کەی شاندەکە دەڕوات و کێ سەرۆکایەتی دەکات".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، دیار نییە کەی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات، "بەڵام هێندەی زووتر بێن، باشترە، چونکە پرسی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و چەند پرسێکی دیکە" پێویستییان  لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێم بە گفتوگۆیە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، لە نێو یاسای بودجەی عێراقدا هیچ مەرجێک بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دانەنراوە، بۆیە ئەگەر نەوتی هەرێم هەناردە بکرێت یان نا، پێویستە حکومەتی فیدراڵی مانگانە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.