هێزە ئەمنییەکان باندێکی گەورەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە سنووری دهۆک و زاخۆ دەستگیردەکەن

ساتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان
ساتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان

K24 – هەولێر:

باندێکی گەورەی بازرگانیکردن لە چوار کەس پێکهاتوون لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دەستگیرکران و هێزە ئەمنییەکانیش بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی دیکەی ئەو باندە.

لە چالاکییەکی هاوبەشی ئاسایشی زاخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگای دهۆک و پۆلیسی دهۆک، دوای دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردنیان لەلایەن دادوەرەوە، چوار تۆمەتباری بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکران.

لە راگەیەندراوێکدا پۆلیسی دهۆک ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو چوار تۆمەتبارەی دەستگیرکراون لە گەورە بازرگانەکانی ماددەی هۆشبەرن لە سنووری دهۆک و زاخۆ و سێ تۆمەتباری دیکەش لە کە بەپێی یاسا داواکراون و بەشێکن لەو باندە، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنیان.

بەپێی ئامارێکی بەرێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 943 تۆمەتبار دەستگیرکراون و لەو ژمارەیەش 367 کەسیان مامەڵەی بازرگانییان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە.

هەروەها 679 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل و 49 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە لەگەڵ دوو هەزار و 860 شیت حەبی هۆشبەر.

بەپێی ئامارەکانیش، 80%ـی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە و 10%ـی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکانیش ئافرەتن و 4%ـیش تەمەنیان خوار 18 ساڵە.