جەنگی رووسیا – ئۆکرانیا له‌ ده‌ستپێكه‌وه‌ تاكو ئه‌مڕۆ

ئاڵای رووسیا و ئۆكرانیا
ئاڵای رووسیا و ئۆكرانیا

K24 – هەولێر:

جه‌نگی رووسیا - ئۆكرانیا، بە فەرمانی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتن دەستیپێکرد، ئۆکرانیا لە سەرەتای وەرزی ئه‌م هاوینەوە، بەشێوەیەکی فراوان دەستی بە هێرشی پێچەوانە کردووە.

لە کاتێکدا 500 رۆژ بەسەر ئەو جەنگەی دژبە ئۆکرانیا هەڵیگیرساندووە، تێپه‌ڕیووه‌، رووسیا لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، هێرشەکانی بۆسەر ئەو وڵاتە زیادکردووە، هاوکات بە یاخیبوونی ڤاگنه‌ر دژ بە حکومەتی مۆسکۆ، ململانێیەکی ناوخۆیی خوێناوی سەریهەڵدا.

ئەو جەنگە کە بە فەرمانی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین دەستیپێکرد، بەتوندی بەردەوامە بەتایبەتی لە ناوچەی دۆنباس رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

ڤلادیمیر پوتین بەیانی رۆژی 24ی شوباتی 2022 لە رێگەی تەلەڤیزیۆنەوە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازیی لە ئۆکرانیا راگەیاند.

سەرۆکی رووسیا باسی لە هۆکاری ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکە کرد و ئاماژەی بەوە کرد، کە  (ئیدارەی جوداخواز) داوای هاوکاری سەربازیی لە رووسیا کردووە و گوتی: ''ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە پاراستنی ئەو کەسانەیە کە هەشت ساڵە لەلایەن کیێڤەوە رووبەڕووی جینۆساید و مامەڵەی خراپ بوونەتەوە. هەوڵدەدەین ئەوانەی تاوانی خوێناوییان دژبە هاووڵاتییانی مەدەنی ئەنجامداوە بە هاووڵاتییانی فیدراسیۆنی رووسیاشەوە، رووبەڕووی دادگا بکەینەوە و ئۆکراینا لە نازیزم و میلیتاریزم داماڵین".

یەکە سەربازییەکانی رووسیا لە ناوچەکانی دۆنێتسک و لوهانسک رۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە چووە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی کیێڤ و لە هەمان کاتدا لە سنووری رووسیاوە چوونە ناوچەکانی خارکێڤ، سومی و چیرنیهیڤ و لە بێلاڕووسیشەوە چوونە ناوچەی چەرنۆبیل.

سوپای رووسیا کە لە رێگەی نیمچە دوورگەی کریماوە راستەوخۆ چووە ناوچەکانی خێرسۆن و مێلیتۆپۆل لە رێگەی ئاسمانیی و زەمینیەوە سەربازی رەوانە کرد و کیێڤی گەمارۆ دا.

هەروەها سوپای رووسیا لە 28ـی شوباتی 2022دا، هێزە چاوترسێنە ستراتیژییەکانی کە چەکی ئەتۆمی و هایپەرسۆنیک لەخۆ دەگرێت، گۆڕی بۆ ئەرکێکی جەنگیی تایبەت.

لە مانگی دووەمی جەنگەکەدا، سەربازانی رووسیا لە ناوچەکانی کیێڤ و چیرنیهیڤ کشانەوە. دوای کشانەوەکەش حکومەتی کیێڤ سەربازانی رووسیای بە ئەنجامدانی كۆمه‌ڵكوژی لە شارەکانی بوچا و ئیرپین تۆمەتبار کرد، رووسیاش ئەو تۆمەتانەی بە هه‌راسانكردن ناوزەند کرد.

پاشان بە مووشەک هێرشکرایە سەر وێستگەی شەمەندەفەری شاری کراماتۆرک سەربە ناوچەی دۆنێتسک و بەهۆیەوە زیاتر لە 50 کەس کوژران و زیاتر لە 100 کەسیش برینداربوون، هەریەک لە رووسیا و ئۆکرانیا یەکتریان بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبارکرد.

لە مانگەکانی سەرەتای جەنگەکەدا، رووسەکان لە دوای بێردیانسک شاری ماریوپۆلیان کۆنترۆڵکرد، بەوەش ئۆکرانیا پەیوەندی بە دەریای ئازۆڤەوە پچڕا.

لە مانگی نیساندا، رووسەکان شەڕ و پێکدادانەکانیان لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا چڕکردەوە، بە ئامانجی ئازادکردنی دۆنباس چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان لە ناوچەکانی دۆنێتسک و لوهانسک کۆنترۆڵ کرد، بەڵام نەیانتوانی پێشڕەوی زۆر بکەن.

سوپای رووسیا ناو بە ناو بە مووشەکی دوور مەودا و هەستیار، ئامانجە ستراتیژییەکانی لە ئۆکرانیا بۆردومان دەکرد. لە بەرامبەردا ئەمه‌ریکا و ئەوروپا پشتیوانیکردنیان بۆ ئۆکرانیا لە رووی پێدانی چەک زیاد کرد، کار گەیشتە ئەوەی پێشڕەوی سوپای رووسیا لە خاکی ئۆکرانیادا گەیشتە خاڵی وەستان.

هێزەکانی ئۆکرانیا بەردەوام بوون لە هێرشکردنە سەر ناوەندی ئەو شارانەی سوپای رووسیا کۆنترۆڵیان کردبوون. بەهۆی هێرشەکانی سوپای رووسیا و ئۆکرانیا بۆسەر یەکتری زیانی گیانیی مەدەنی کەوتەوە.

ناوچەکانی سومی و دەوروبەری لە باکووری ئۆکرانیا لە مانگی حوزەیراندا کەوتنەوە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی کیێڤ.

سوپای ئۆکرانیا کە سەرلەنوێ خۆی کۆکردەوە لە مانگی ئەیلوولدا رایگەیاند، دەستی بە هێرشکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شاری خارکێڤ کە دووەم گەورەترین شاری وڵاتەکەیە.

حکومەتی کیێڤ توانی شارە گەورەکانی وەک ئیزیوم، بالاکلیا، کوپیانسک و زیاتر لە 300 ناوچەی نیشتەجێبوون کۆنترۆڵ بکاتەوە و لە بەرامبەردا، رووسیا رایگەیاند کە خۆیان لەو ناوچانە کشاونەتەوە.

لە 22ـی تەمووزی 2022دا، لەژێر چاودێریی رەجەب تەیب ئەردۆغان، تورکیا، رووسیا، ئۆکرانیا و نەتەوەیەکگرتووەکان رێكه‌وتنی ناردنی دانەوێڵە و ماددە خۆراکییەکانیان بەشێوەیەکی سەلامەت لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە واژوو کرد.

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە 21ـی ئەیلوولدا، سازدانی سەربازیی رێژەیی راگەیاند، لەو چوارچێوەیەشدا 300 هەزار هاووڵاتی رووسی لە خزمەتی سەربازیی وەرگیران، ژمارەک هاووڵاتییش وڵاتیان جێهێشت.

لە ئەنجامی هەوڵەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئەنجامیدا لە 22ـی ئەیلوولدا، ئەو دوو وڵاتە 200 دیلی جەنگیان گۆڕییەوە.

لەو چوارچێوەیەشدا سەرکردەی پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی ئۆکرانیا، ڤیکتۆر مێدڤێدچوک کە بە نزیکی لە پوتین ناسراوە، رادەستی رووسیا کرا.

لە دوایین کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ ئەردۆغان لە ئیستانبوڵ، زێلێنسکی بابەتی دیل گۆڕینەوەی تاووتوێ کرد.

دوای ئەنجامدانی گشتپرسی نایاسایی لە دۆنێتسک، لوهانسک، زاپۆریژییا و خێرسۆن کە زۆربەی بەشداربووان بە "بەڵێ" دەنگیان دا بە لکاندنی ئەو ناوچانە بە رووسیا، پوتین رێککەوتننامەی لکاندنی ئەو ناوچانەی ئۆکرانیای بە رووسیاوە واژوو کرد. بەمجۆرە لە دوای کریما رووسیا لەسەدا 15ـی دیکەی خاکی ئۆکرانیای بە نایاسایی بە خۆیەوە لکاند.

وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژییا کە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمییە لە ئەوروپا چواری ئادار کەوتە دەست رووسیا و لە دەوروبەری وێستگەکەدا پێکدادانی سەخت رووی دا لە کاتێکدا زێلێنسکی ئه‌وه‌ی راگه‌یاند، كه‌ ماددەی هاوشێوەی تەقەمەنی لە میچی وێستگەکە لەلایەن رووسیاوە داندراونەتەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی بۆ وزەی ئەتۆم رایگەیاند، تا ئێستا هیچ جۆرە مین و تەقەمەنییەک لە وێستگەکە نەدۆزراوەتەوە.

لە میانی پێکدادانەکاندا پردی کریما لەسەر گەرووی کەرچ لە هەشتی تشرینی یەکەم تەقێندرایەوە و ئۆکرانیا لە 29ـی تشرینی یەکەم هێرشیکردە سەر هێزە دەریاییەکانی رووسیا لە سیڤاستۆپۆل.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە 24ـی ئایار رایگەیاند، ئۆکرانیا لە رێگەی کەشتیی بێ کەشتیوان لە دەریای رەش هەوڵی داوە هێرش بکاتە سەر ئەو کەشتییە رووسییەی ئاسایشی تەوژمی شین و تەوژمی تورک دەپارێزێت. لەلایەکی دیکەوە رووسیا رایگەیاند کە دوا کەشتی جەنگیی ئۆکرانیایان لە کۆتایی مانگی ئایار لە بەندەری ئۆدیسا تێکشکاندووە.

رووسیا دوای تەقاندنەوەی پردی کریما هێرشە مووشەکییەکانی بۆسەر ئۆکرانیا چڕ کردەوە و بە تایبەت ژێرخانی مەدەنیی ئەو وڵاتەی بە ئامانج گرت و بەم هۆیەوە پچڕانی کارەبا دەستیپێکرد.

دوای ئەوەی ئۆکرانیا بە هاوکاری ئەوروپا و ئەمه‌ریکا دەستی بە هێرشی پێچەوانە کرد لە 29ـی ئاب، هێزەکانی رووسیا لە خێرسۆن کشانەوە.

دوای ئەوەی لە 15ـی تشرینی دووەم مووشەک کە نەزاندرابوو لە کوێ ئاراستە کرابوو لە گوندی پروزەدۆو لە پۆڵەندای ئەندام لە ناتۆ کەوتەخوارەوە و دوو کەس گیانیان لەدەست دا، سەرنجی تەواوی جیهان چووە سەر ئەو وڵاتە. هەرچەند باسی ئەوە کرا کە مووشەکەکە رووسیی بووە، بەڵام رووسیا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و لای خۆیشیانەوە ناتۆ و پنتاگۆن پشتڕاستیان نەکردەوە کە مووشەکەکە رووسیی بووبێت. دەرکەوت مووشەکەکە بە مەبەستی رێگەگرتن لە هاتنی مووشەکی رووسیا لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە ئاراستە کراوە.

هەرچەند بە پاساوی هێرشکردنە سەر پردی کریما و بنکەی سەربازیی دەریایی سیڤاستۆپۆل لەلایەن ئۆکرانیاوە، رووسیا ویستی رێککەوتننامەی رەوانەکردنی دانەوێڵە هەڵپەسێرێت، بەڵام بە دەستپێشخەری ئەردۆغان ئەو کێشەیە چارەسەر کرا و رێککەوتننامەکە بۆ 120 رۆژی دیکە درێژ کرایەوە. دواجار دیسانەوە بە دەستپێشخەری ئەردۆغان لە 17ـی ئایار رێککەوتننامەکە بۆ ماوەی 60 رۆژی دیکە درێژ کرایەوە.

بەهۆی رێککەوتننامەکەوە تا ئێستا نزیکەی 33 ملیۆن تۆن دانەوێڵە گوازراوەتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی پێویستییان پێیەتی، هەروەها ئەردۆغان و پوتن گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ رەوانەکردنی پەیین و دانەوێڵە بۆ وڵاتانی هەژار.

ئۆکرانیا لە پێنجی کانوونی یەکەم لە رێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشیکردە سەر فڕۆکەخانە سەربازییەکانی ئەنگێڵس لە ناوچەکانی دیاگیلەڤۆ و ساراتۆڤ لە ناوچەی ریازان لە رووسیا. ئۆکرانیا رۆژی دواتر بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیکردەسەر عەمبارەکانی نەوت لە فڕۆکەخانەی سەربازیی لە شاری کورسک.

لە دوا شەوی 2022 سوپای رووسیا هێرشی ئاسمانیی مووشەکیی کردە سەر کیێڤی پایتەخت، چیرنیهیڤ، سومی، همێلنیتسکی، دۆنتێسک، زاپۆریژییا، مایکۆڵایڤ و خێرسۆن و بەهۆی هێرشەکانەوە زیان بەر ژێرخانی وزە گەیشت.

لە مۆسکۆ دیمەنی جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی لە میچی باڵەخانە ستراتیژییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە.

سوپای ئۆکرانیایش لە شەوی سەری ساڵدا لە رێگای سیستەمی مووشەکیی فرەهاوێژەوە، هێرشیکردەسەر یەکەی کاتی جێگیرکراوی رووسیا لە نزیک ماکەیەڤکا لە ناوچەی دۆنێتسک. لە بەرامبەردا رووسیا هێرشیکردە سەر کراماتۆرسک و بەم هۆیەوە سەدان سەرباز لە هەردوولا کوژران.

رووسیا بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ئایینی کریسمس لەلایەن ئۆرتۆدۆکسەکان داوای ئاگربەستی لە ئۆکرانیا کرد. پوتن لە کاتژمێر 12:00ی شەشی کانوونی دووەمەوە بۆ ماوەی 36 کاتژمێر ئاگربەستی کاتی تاکلایەنەی راگەیاند.

ئۆکرانیایش بە ئاماژەدان بەوەی کە پێویستە بۆ ئاگربەست رووسیا ئەو ناوچانە جێبهێڵێت کە دەستی بەسەردا گرتوون، گوێی نەدا بە ئاگربەستەکە.

لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی 2023دا، سەرۆک ئەرکانی سوپای رووسیا، ڤالێریی گەراسیمۆڤ لە پۆستی فەرماندەی ‌هێزە سەربازییە هاوبەشەکانی بەرپرس لە "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت" لە ئۆکرانیا دامەزرێندرا.

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمه‌ریکا لە جۆری "MQ-9" کە بەسەر دەریای رەشدا دەفڕی، لە ئەنجامی هەراسانکردنی فڕۆکەکانی رووسیا هاوسەنگی لەدەست دا و کەوتە ناو دەریاوە.

لە سێی ئایاری 2023دا، کرملین بڵاویکردەوە کە ئۆکرانیا هەوڵی داوە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشبکاتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە کۆشکی کرملین. لە بەرامبەردا ئیدارەی ئۆکرانیا رایگەیاند کە هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەو هێرشانە نییە.

گرووپی ڤاگنەری رووسی کە لە ساڵی رابردووەوە گەمارۆی شاری باخموتی دابوو لە ناوچەی دۆنێتسک لە 21ـی ئایاردا، تەواوی شارەکەی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.

لە میانی پێکدادانەکانی شاری باخموتدا، دامەزرێنەری گرووپی ڤاگنەر، یەڤگێنی پریگۆجین رەخنەی لە سوپای رووسیا و وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو گرت بە بیانووی ئەوەی کە تەقەمەنییان بۆ دابیننەکردووە.

دوای گرتنی شاری باخموت لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە، گرووپە تێکدەرەکانی ئۆکرانیا چوونە ناوچەی بەلگۆرۆد لەسەر سنووری رووسیا و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی رووسیا شەڕوپێکدادان روویدا. مۆسکۆ ئەو کارەی هێزەکانی ئۆکرانیای بە "هێرشی تیرۆریستی" ناوبرد.

دوای ئەو هێرشەی کرایە سەر کۆشکی کرملین، هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان بۆسەر مۆسکۆی پایتەختی رووسیا دەستیپێکرد. لە 30ی ئایاری 2023دا، هەشت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیانکردەسەر مۆسکۆ و شارۆچکەکانی دەوروبەری. زیانێکی کەم بەر هەندێک باڵه‌خانه‌ کەوت. کیێڤ رایگەیاند کە هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشانەوە نییە.

لە چواری حوزەیرانەوە سوپای ئۆکرانیا هێرشێکی بەرفراوانی بەرپەرچدانەوەی بۆسەر سوپای رووسیا دەستپێکرد. هەرچەندە وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند کە وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە، بەڵام رووسەکان هەندێک شوێنی نیشتەجێبوونیان لەدەستدا کە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بوون.

وێستگەی کارۆئاوی و بەنداوی کاخۆڤکا لە ناوچەی خێرسۆن لە شەشی حوزەیراندا تەقییەوە. ئۆکرانیا و رووسیا یەکتریان بە تەقاندنەوەی بەنداوەکە تۆمەتبار کرد. سەرۆكکۆماری تورکیا، ئەردۆغان پێشنیازی دامەزراندنی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی کرد. دوای تەقینەوەی بەنداوەکە، هەندێک شوێنی نیشتەجێبوون لە ناوچەی خێرسۆن ژێرئاوکەوتن و بەمهۆیەوە دەیان کەس گیانیان لەدەست دا.

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتن بێلارووسی ئاگادارکردەوە کە لە مانگی تەمووزەوە چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لەو وڵاتە جێگیردەکەن. سەرۆكکۆماری بێلاڕووس، ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆیش لەم دواییانەدا رایگەیاند کە ئەو چەکانە لە وڵاتەکەی جێگیرکراون.

چەکدارانی گرووپی ڤاگنەر بە سەرۆکایەتیی دامەزرێنەری گرووپەکە، یەڤگێنی پریگۆجین شاری رۆستۆڤ ئۆن دۆن-یان لە نزیک سنووری رووسیا کۆنترۆڵ کرد و دەستیان بەسەر بارەگای ناوچەی سەربازیی باشووری رووسیادا گرت. کۆمەڵێک لە چەکدارانی ڤاگنەریش بە ئۆتۆمبێلی سەربازیی بەرەو مۆسکۆ بەڕێکەوتن.

لە کاتێکدا کە دامەزراوەی ئاسایشی فیدراڵیی (FSB) دۆسیەیەکی لە دژی ڤاگنەر بەتۆمەتی "یاخیبوونی چەکداریی" کردەوە، هەوڵەکە بە دەستێوەردانی سەرۆكکۆماری بێلاڕووس، لۆکاشینکۆ کۆتاییهات. بەم شێوەیە قەیرانەکە چارەسەر بوو.

بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 11 ملیۆن 600 هەزار کەس لە ئۆکرانیا ئاوارە بوون کە پێنج ملیۆن و 700 هەزار کەسیان ناچار بوون پەنا ببەنە بەر وڵاتانی دراوسێ.

بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە 24ـی شوباتی 2022ـه‌وه‌ تا ئێستا لانیکەم هەشت هەزار هاووڵاتیی مەدەنی لە جەنگەکەدا گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە 13 هەزار هاووڵاتیش برینداربوون.

لە کاتێکدا جەنگ بەردەوام بوو، شاندەکانی رووسیا و ئۆکرانیا بۆ ئاگربەست چوار جار دانوستانی رووبەڕوویان ئەنجامدا کە سێ جاریان لە بێلاڕووس و جارێکیان لە تورکیا بوو.

وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، ئەمه‌ریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا لە بوارە جیاجیاکانی وەک دارایی، وزە، گواستنەوە، کۆنترۆڵی هەناردەکردن و دارایی، پێدانی ڤیزا سزای نوێیان بەسەر رووسیادا سەپاند.

لە ماوەی جەنگەکەدا، یەکێتیی ئەورووپا 11 پاکێجی سزای بەسەر رووسیادا سەپاند و بڕیاری دا زیاتر لە هەزار کەس و زیاتر لە 200 دامەزراوە سزا بدات.

لەگەڵ لەشکرکێشییەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا زیاتر لە هەزار کۆمپانیای نێودەوڵەتیی رووسیایان بەجێهێشت و بایکۆت یان چالاکییەکانیان سنووردار کرد.