قایمقامی کۆیە بۆ کوردستان24: باوکێک و دوو کچ لە زێی بچووک خنکان

زێی بچووک - تەقتەق / وێنە: ئەرشیف
زێی بچووک - تەقتەق / وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

قایماقمی کۆیە بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە لە رووداوی خنکانی سێ ئەندامی یەک خێزان لە زێی بچووک، دەستبەجێ تیمەکانیان ناردووە بۆ دۆزینەوەی تەرمەکان و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە.

رۆژی (9ـی تەمموزی 2023)، تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە بە کوردستان24ـی راگەیاند، باوکێک و دوو کچ کە دانیشتووی ناحیەی سێگردکانی سەر بە قەزای کۆیەن، لە زێی بچووک خنکاون و تاوەکو ئێستا گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکانیان بەردەوامە.

تاریق حەیدەری ئاماژەی بەوەشکرد، تەمەنی دوو کچەکە 13 و 14 ساڵانن و تائێستا هۆکاری ئەو رووداوە نەزاندراوە و لێکۆڵینەوەکان لەوبارەیەوە دەستیپێکردووە.

ناحیەی سێگردکان دەکەێتە رۆژئاوای تەقتەق و سەر بە قەزای کۆیەیە، دانیشتووانەکەی بە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن و ئەو ناوچەیەش بەهۆی ئەوەی هیچ شوێنێکی گەشتیاری لێنییە، جگە لە هاووڵاتییانی ناوچەکە، کەمترین گەشتیار سەردانی ئەو ناوچەیە دەکەن.