سه‌رۆكی به‌ره‌ی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو: عەرەبه‌كان لە کەرکووک کۆکن لەسەر ئەوەی، بەرژه‌وەندییان لە یەکگرتندایه‌

K24 – هەولێر:

سەرۆکی بەرەی عەرەبی یەکگرتوو داوای لە سەرکردە سیاسییەکانی کەرکووک کردووە بە لیستێکی یەکگرتووی عەرەبی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان بکەن.

وەسفی عاسی سەرۆکی بەرەی عەرەبی یەکگرتوو، له‌ میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند، هەموو سەرکردە سیاسییەکانی عەرەب لە کەرکووک کۆکن لەسەر ئەوەی، بەرژه‌وەندییان لە یەکگرتنیاندایە.

ده‌شڵێت: "چەندین مانگە پەیوەندیم لەگەڵ سەرکردە سیاسییه‌ عەرەبەکان لە کەرکووک هەیە، داوام لێیانکردووە بە لیستێکی عەرەبی یەکگرتوو بەشداری لە هەڵبژاردن بکەین، چونکە تاکە زامنکاری ماف و شایستەکانمان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ئەوەیە، هەموو سیاسیی و سەرکردە عەرەبەکانی کەرکووک لە یەک لیست کۆببینەوە".

عاسی گوتیشی: "با به‌ یه‌ك لیست به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن بكه‌ین، تاكو ئەمجارە بڵێین دوای 20 ساڵ لەپێناو بەرژوەندی خەڵك کۆدەبینەوە، هیچ رۆژێک سەرکردە سیاسییەکانی کەرکووک وەڵامیان بۆمن نەخێر نەبووە، هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی بەرژوەندی عەرەب لە یەکگرتوو بوونیدایە".

بڕیارە لەرۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش لە 1ـی تەمموزەوە بۆ ماوەی یەک مانگ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ حزب و هاوپەیمانێتییەکان دەکاتەوە.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە درێژایی مانگی تەمووز ناوی پارتە سیاسی و هاوپەیمانێتییە نوێیەکان تۆماردەکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە لە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، لە رابردوودا 269 پارتی سیاسی لە کۆمیسیۆن تۆمارکرابوون، ئێستاش بە میکانزمی نوێ و پێدانی بڕی 5 ملیۆن دینار حزبەکان ناوی خۆیان نوێدەکەنەوە لە کۆمیسیۆن، هەروەها هەڵبژاردنەکان بە سیستمی سانت لیگۆ بەڕێوەدەچێت و بە تەواوی پشت دەبەستێت بە یاسایی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنەکانی عێراق.