کونسوڵی ئوردن: کابینەی نۆیەم گرنگییەکی زۆری بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە داوە

K24 - هەولێر

فوئاد ئەلمەجالی کونسوڵی گشتی شانشینى هاشمى ئوردن لە هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی تێپەڕبوونی چوار ساڵ بە سەر تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێ: لەو چەند ساڵەی رابردوودا جیا لە سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتییانە،  چەندین دەستکەوتی گەورەمان بینی لە بوارە جیا جیاکاندا، بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵ و ئەو بوارانەی پەیوەندییان بە تەکنەلۆجیای زانیارییەوە هەیە.

فوئاد ئەلمەجالی، بە کوردستان24ی گوت: "بەبۆنەی تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر پێکهێنانی کابینەی نۆیەم، دەمەوێت پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەسەرووشیانەوە فەخامەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سەرکردایەتی کوردستان و گەل و برایانمان لە کوردستان بکەم. لە ماوەی رابردوودا بوژانەوە و چەندین دەستکەوتی گەورەمان بینی لە بوارە جیا جیاکاندا بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵ و ئەو بوارانەی کە پەیوەندییان بە تەکنەلۆژیای زانیارییەوە هەیە".

گوتیشی: "بەرەوپێشڤەچوونێکی دیار هەیە لە بواری تەندروستی و پەروەردەیی، بەهەمان شێوە بوارەکانی ئەمنی و سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستان، لە ئاستێکی زۆر باش دایە، هەموو ئەم دەستکەوتانە بۆ سەرکردایەتی کوردستان و کابینەی نۆیەم و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، دەمەوێت ئەمە بە دەرفەت بزانم و چاوەڕوانی و وێستگەکانی شانشینی ئوردنی هاشمی دەرببڕم کە باشترکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ کۆماری عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییە مێژوویی و برایانە و بەهێزەی کە هەمانە".