کابینەی نۆیەم مووچەی هەموو فەرمانبەران بە ئەلیکترۆنی دەکات

بانک
بانک

K24 - هەولێر

کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەر لە سەرتای رژدبوو لەسەر رێکخستنەوەی سیستەمی بانکی و بە دیجیتاڵکردنی کاروباری بانکەکان لە ھەرێمی کوردستان، لەپێناو ئاسانکاری زیاتر بۆ ھاووڵاتییان، لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە پڕۆژەی (ھەژماری من)ی راگەیاند، کە پڕۆژەی بەدیجیتاڵکردنی مووچەی فەرمانبەرانە و پڕۆژەکە دوو ساڵ دەخایەتێت، بەشێک لە فەرمانبەران بە کارتی زیرەک و لە رێگەی حسابی بانکییەوە مووچە وەردەگرن.

جوان عەبدولقادر، 20 ساڵە فەرمانبەرە چەند مانگێکە بە کارتی زیرەک مووچە وەردەگرێت، وەک خۆی باسی دەکات جگە لەوەی ئاسانکاری زۆری بۆ کردون لە ھەمووی گرنگتر ئەوەیە ھەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا مووچەکەیان وەردەگرن، ئەو دەڵێ: "ئێستا بە کارت لە ((ATMـەکان مووچە وەردەگرین زۆر خۆشە و هیچ کێشەیەکمان نییە، زۆر ئاسانکارییە هەر کاتێک بمانەوێت دێین مووچە وەردەگرین و بەبێ ئەوەی نۆرە بگرین".

فەرمانبەرێکی دیکە بەناوی ھەیفا مەحموود، کە مانگانە مووچە بە سیستەمی بانک وەردەگرێت، دەڵێت: "ئەو سیستەمە زۆر باشە هەر کاتێک حەزمان کرد دەچین مووچەکانمان وەردەگرین، ئێمە ئەو فەرمانبەرانەی بە کارتی بانک مووچە وەردەگرین بووینەتە جێی سەرنجی فەرمانبەرانی دیکە و بە خیلیمان پێ دەبەن".

 حکومەتی ھەرێمی کوردستان، یەکێک لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیجییەکانی بە دیجیتاڵ کردنی سیستەمی بانکی بوو، پڕۆژەکە دەستیپێکردووە و لە ماوەی دوو ساڵدا دەتوانرێت سەرجەم فەرمانبەران بخرێنە سەر ئەو پڕۆژەیە و لە رێگەی سیستەمی بانکییەوە مووچە وەربگرن.

مەولوود سابیر، بەڕێوبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی دارایی بە کوردستان24ی راگەیاند: "هەوڵەکان خراونەتە گەڕ بۆ ئەوەی سەرجەم بانکەکان بە دیجیتاڵی بکرێن، هەم کاری هاووڵاتییان ئاسان دەکات هەمیش جەنجاڵی و قەرەباڵغی لە بانکەکان کەمدەبێتەوە".

لە ھەرێمی کوردستان 90 بانکی حکومی ھەیە، کە تا ئێستا 20 بانکیان کراون بە ئەلیکترۆنی، پڕۆژەکە بەردەوامە ئەمە جگە لەوەی کە رێکارەکانی دامەزراندنی بانکی نیشتمان قۆناغی باشی بڕیوە کە سیستەمی بانکی ھەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە بە بانکی فیدڕاڵی عێراقەوە، ھاووڵاتیان دەتوانن لەو رێگەیەوە سوودمەندبن لە سەرجەم پێشینەکان.