ئەردۆغان سەردانی عێراق دەکات

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا | وێنە: Murat Kula / AA
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا | وێنە: Murat Kula / AA

K24 -هەولێر

وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) رایدەگەیەنێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ تاوتوێکردنی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان سەردانی عێراق دەکات. 

ئەمڕۆ دووشەممە 10ـی تەممووزی 2023، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ گرێبه‌ستكراوه‌، ئه‌م کێشەیە له‌سه‌ر ئاستی باڵا و له‌كاتی سه‌ردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا بۆ عێراق چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کەمال محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوەش دا، سه‌دا 70ی كاره‌كانی پڕۆژه‌یاسای نه‌وت و گاز ته‌واوكراون و به‌منزیكانه‌ شاندێكی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو مەبەستە سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندبوو، دەسەڵاتدارانی تورکیا ئاگادارکراونەتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە لە 13ـی ئایاری 2023ـەوە.

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکردبوو، کۆمپانیای سۆمۆ کۆمپانیای بوتاشی تورکی ئاگادارکردووەتەوە کە پرۆسەی هەناردەکردن و بارکردنی نەوت لە رۆژی شەممە (13ـی ئایاری 2023) دەستپێبکاتەوە.

رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا. دواتر رۆژی 04ـی نیسانی 2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا، کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام تا ئێستا هەناردە نەکراوەتەوە.