سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاکردنی ژینگە: لە کابینەی نۆیەمدا رێژەی سەوزایی بۆ سەدا 18 زیادی کردووە

عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاکردنی ژینگە
عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاکردنی ژینگە

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاکردنی ژینگە، رایدەگەیەنێت، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانگەی ژینگە بۆ هەر چوار پارێزگای کوردستان دانراوە، هاوکات گووتیشی: "لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا لە پڕۆژەی لەبری سەوزکردن 802 هەزار مەتر دووجا زەوی سەوز کراوە".

عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاکردنی ژینگە، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، لە کابینەی نۆدا فەرمانگەی ژینگە بۆ هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان دانرا، بۆ ئەوەی هەر کەسێک لەو شارانە کاتێک رەزامەندی پڕۆژەیەک وەردەگرێت بتوانێت لە رێگەی فەرمانگەی ژینگەی ئەو شوێنە رەزامەندی ژینگەکەش وەربگرێت.

هەروەها راشیگەیاند، لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا، لەڕێگەی تاقیگەکانمان لەدەستەی چاکردن و پاراستی ژینگە 104 هەزار پشکنین بۆ پڕۆژەکان کراوە، هاوکات زیاتر لە 12 هەزار بەڵێننامە لە خاوەنی پڕۆژەکان وەرگیراوە، کە دواجار پابەند نەبێت بە ژمارە خاڵەکانی کە دەستەی ژینگە بۆی دیاریکردووە ئەو کاتە سزا دەدرێت، تاوەکو ئیستاش 8 هەزار بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکان کراوە.

سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاکردنی ژینگە، لە چوار ساڵدا 9 هەزار 302 پڕۆژە رەزامەندیان پێدراوە، هەروەها 83 پرۆژەش رەزامەندیان پێ نەدراوە.

لە بارەی پڕۆژەی لە بری سەوزکردنیش، عەبدولڕەحمان سدیق، گووتی: "دەبێت هەر پڕۆەژەیک کە مۆڵەتی وەرگرت دەبێت لە %25ـی پرۆژەکەی بکاتە سەوزایی، بەڵام ئەوانەی ئەو رێژەی پڕۆژەکەیان نەکردووەتە سەوزایی، ئێمە پڕۆژەی لە بری سەوزکردنمان راگەیاندوە کە پێویستە لە بری پڕۆژەکەی خۆی شوێنێکی دیکە بکاتە سەوزایی بەو مەرجەی لەژێر چاودێری خۆی بێت و گرنگیشی پێبدات، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە گفتوگۆمان کردووە کە قوتابخانەکان والێبکرێت و لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵاش قسەمان کردووە کە سەوزکردن زانکۆکانیش بگرێتەوە".

گووتیشی: "رێژەی پڕۆژەی لەبری سەوزکردن 802 هەزار مەتر دوجا بووە و هەروەها لە چوار ساڵی حکومڕانی سەرۆکوەزیراندا رێژەی سەوزایی بۆ لە %18 زیادی کردووە".