سابیر عەبدولڕەحمان: مەقامی وای لێ زاڵم هەمیشە دەمگرێنێت

سابیر عەبدولڕەحمان، هونەرمەند
سابیر عەبدولڕەحمان، هونەرمەند

K24 – هەولێر:

سابیر عەبدولڕەحمان ئەو دەنگەی لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانەوە بە مەنەلۆج و شاکارە جوانە شانۆییەکانی دڵی خەڵکی هونەردۆستی کوردستانی داگیرکرد و ئێستاشی لەگەڵدا بێت "کاکی شوفێر"ـەکەی بە نەمری ماوەتەوە.

لە دوای ساڵانێکی زۆر دوورکەوتنەوەش لە هونەر و پێشکەشکردنی خەرمانەی نیگا، دڵی خۆی بۆ کوردستان24 کردەوە و گوتی: "مەنەلۆج بوو بە دەسپێکی کارە هونەرییەکانی من، بەتایبەت لە هەشتاکان، کە زمانێکی سادە و ساکاری هەبوو بۆ پەنجە خستنە سەر ئازار و گرفتە کۆمەڵایەتیەکانی نێو کۆمەڵگە و شانۆشم کرد بوو بە سەنگەری بەرگریکردن لە پێشمەرگە و زۆربەی پەیامە سیاسیەکانم لە رێگەی شانۆوە دەگەیاندە شاخ''.

گوتیشی: "وازم لە هونەر نەهێناوە، بەڵام بۆ ماوەیەک دەمەوێت پشووێک بدەم، چونکە لەم بارودۆخەدا بڕواناکەم کەسێک هەبێت پشتگیری کارە هونەرییەکان بکات، ئەگینا چەند مەنەلۆجێکی نوێم ئامادەیە و دەمەوێت لە داهاتوودا کاری لەسەر بکەم و لە کەناڵێکی ئاسمانی پێشکەشی بکەم، چونکە پێموایە مەنەلۆج رۆح بە هونەری کوردی دەدات".

لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24، کە ئایا جارێکی تر گۆرانی دەڵێتەوە، سابیر عەبدولڕەحمان گوتی: "هێشتا نەگەیشتوومەتە ئەو بڕیارەی گۆرانی بڵێمەوە یان نا، بەڵام رەنگە لە دەرفەتێکدا بەرهەمێکی نوێ تۆمار بکەم و مەقامی وەی لێ زاڵمیش یەکێکە لەم مەقامانەی هەمیشە دەمگرێنێت و رەنگە ببێت بەو پڕۆژەیەکی هونەری من لە داهاتوودا و بە ستایلی خۆم بیڵێمەوە".