یەڵدا عەباسی کۆنسێرتێکی موزیک و گۆرانی لە میونشن ساز کرد

K24 – هەولێر:

یەڵدا عەباسی، کچە هونەرمەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ساز و دەنگە چیاییەکەی لە ماوەی ساڵێکدا چەندین ئاهەنگ و کۆنسێرتی هونەری لەگەڵ تیپێکی پڕۆفیشناڵ لە ژەنیارە ناسراوەکانی ئەڵمانیا ساز کردووە و لە بەردەوامی چالاکییە هونەرییەکانیشدا لە شاری میونشن بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە رەوەندی کوردی کۆنسێرتێکی موزیک و گۆرانی ساز کرد.

لە کۆنسێترتەکەیدا چەپکێک لە بەرهەمە فۆلکۆرییەکانی چڕی و پاشان دوو بەرهەمی نوێی گۆرانی وەک سوپڕایزێک پێشکەشی هەوادارانی کرد.

یەڵدا عەباسی لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24دا گوتی: "ئامانجی من لە سازدانی ئەو زنجیرە کۆنسێرتانە نیشاندانی توانا و بەهرەکانی ژنانی کوردە لە هەندەران و دووپاتکردنەوەی ئەو گەنجینە دەوڵەمەندەی کولتور و موزیکی کوردییە، کە ئێستا زۆربەی نەتەوەکان لە هەوڵدان بۆ سوود وەرگرتن لەو فەرهەنگ و کولتورە جوانەی ئێمە و چەندین جاریش هونەری ئێمه وەرگیراوە و بووە بە هەوێنی بەرهەمە بیانییەکان، لەم کۆنسێرتەشدا هەوڵمدا بەشێک لەم گۆرانیە فۆلکۆرییانە بڵێمەوە، کە تا بە ئەمڕۆش دەگات لە دڵی خەڵکی چوارپارچەی کوردستان و هەندەراندا هێشتا زیندوون، بەڵام پێویستیان بە داڕشتنەوە میلۆدییەکی نوێیە و دەکرێت بە ستایلی خۆم گۆڕانکارییان لێبکەم".

z
s