کوێستان محەممەد: پڕۆژەیاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ پەسەندکردن ئامادەیە

کوێستان محەممەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان
کوێستان محەممەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا مووچەی 14 هەزار کەس بڕوان کە بە ناشایستەیی وەریاندەگرت و بە کەم ئەندام هەژمار کرابوون، هاوکات گووتیشی: پڕۆژە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ پەسەندکردن ئامادەیە.

کوێستان محەممەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، لە یاسای چاکسازیدا ماددەیەکی تێدایە کە دەبێت وەزارەتی کار سەنتەرێکی دەستنیشانکردنی پەکەوتەویی دامبەزرینێت بۆ ئەوەیەکی هیچ کەم ئەندامێک غەدری لێ نەکرێت، بە گوێرەی رێژەی کەم ئەندامییەکەی مووچەی بۆ دەبڕێتەوە.

هەروەها راشیگەیاند، مووچەی 14 هەزار کەس کە شایستەنەبوون بڕاوە کە زۆرینەیان بە ناشایستەیی مووچەی کەم ئەندامیان وەردەگرت، بەڵام تاکو ئێستاش بەشێک ماون کە مووچەی خاوەن پێداوسیتی تایبەت بە نایاسایی وەردەگرن، هەروەها بڕینی ئەم مووچەیە لە دەسەڵاتی ئێمە نییە دەبێت لیژنەی پزیشکی بڕیاری لەسەر بدات، ئێمە لەخۆمانەوە ناتوانین کەس تۆار بکەین.

وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی مافی کرێکاران ئاماژەی بەوەدا، "یاسایەکمان هەیە تایبەت بە مافی کرێکار، هەروەها پڕۆژە یاسای خانەنشنی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ پەسەندکردن ئامادەیە، پێویستە پەرلەمان کوردستان لە خولی نوێی لە وەرزی یەکەمدا گفتوگۆی لەسەر بکات و پەسەندی بکات، چونکە تا ئیستا لێرە کار بە یاسای ساڵی 1971ـی عێراق دەکرێت لە کاتێکدا عێراق خۆی کار بەو یاسایە ناکات کار بە یاسای ساڵی 2023 دەکات".

لەبارەی دۆزینەوەی هەلی کار بۆ گەنجان کوێستان محەممەد، گووتی: "بۆ دۆزینەوەی هەلی کار کۆمەڵێک رێکارمان هەبووە خولەکانی سەنتەری راهێنانی پیشەیمان هەبووە %30ـی ئەو کەسانەی کە بەشداربوون، ئێستا خاوەن پیشە و شوێنکاری خۆیانن، هەروەها وەزارەتمان زۆرترین هەلی کاری بۆ گەنجان رەخساندووە لە کەرتی گشتی".

هەروەها گووتیشی: "ئێمە لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکمان دەرکردوە، بڕیاری 172ی ئەنجوومەنی وەزیران، بەم بڕیارە دەبێت هەموو شوێنکارێک %75ـی کرێکارەکانی خۆماڵی بن، هاوکات لەو %75ـە دەبێت %70ـی گەنجی دانەمەزراو بن، دەبێت خاوەن کارەکان لە ماوەی شەش مانگ خۆیان بگونجێنێن لەگەڵ ئەم رێناماییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی زۆرێکیان پێویستیان بە کات بووە تا خۆیان بگونجێنن بۆیە ئێمە سێ مانگیشمان بۆ درێژکردوونەتەوە".