سەرۆکی دامەزراوەیەکی ئەمەریکا بە دەڵاڵیکردن بۆ چین تۆمەتبار دەکرێت

گال لوفت
گال لوفت

K24 - هەولێر

سەرۆکی دامەزراوەیەکی شیکاری لە ئەمەریکا بە تۆمەتی کارکردن بۆ چین و هەوڵدان بۆ دەڵاڵی فرۆشتنی نەوتی ئێران تۆمەتبار کراوە.

گال لوفت، بەڕێوەبەری پەیمانگای شیکاری ئاسایشی جیهانییە لەئەمەریکا، کە کەسێکی ئیسرائیلی - ئەمریکییە، تۆمەتبارە بەوەی لە ساڵی 2016دا پارەی بە بەرپرسێکی پێشووی حکومەتی ئەمەریکا داوە.

داواکارانی گشتی ناسنامەی ئەو بەرپرسەی پێشوویان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام رایانگەیاندووە، وەک راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا کاری کردووە، لوفت تۆمەتبارە بەوەی پاڵپشتی لە سیاسەتەکانی راوێژکارەکەی ترەمپ کردووە کە لایەنگری چین بووە.

ئەکاونتێکی تویتەر بە ناوی لوفت کە زیاتر لە 15 هەزار فۆڵۆوەری هەیە، لە تویتێکدا کە لە 18ی شوباتدا بڵاویکردووەتەوە و رایگەیاندووە، کە ناوبراو لە قوبرس دەستگیرکراوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەرگیز بازرگانی چەک نەبووم".

داواکارانی گشتی مانهاتن رایانگەیاندووە، لوفتی تەمەن 57 ساڵ، لە مانگی شوباتی رابردوودا لە قوبرس بە تۆمەتی ئەمەریکی بوون دەستگیرکرابوو، بەڵام دوای ئەوەی بە کەفالەت ئازادکرا، لەکاتێکدا چاوەڕێی ڕادەستکردنەوەی بوو هەڵاتووە، لوفت گرنگی بە بواری وزە و ئاسایش و ئابووری دەدات.

داواکارانی گشتی دەڵێن لوفت دەڵاڵی گرێبەستێک بووە کە کۆمپانیا چینییەکان چەکیان بە چەند وڵاتێک فرۆشتووە، سەرەڕای ئەوەی مۆڵەتی ئەو کارەیان نەبووە وەک لە یاسای ئەمەریکادا هاتووە، هاوکات تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی ئێران و کۆمپانیایەکی وزەی چینی بۆ تاوتوێکردنی رێککەوتنە نەوتییەکان، سەرەڕای سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر تاران.