لە 33ـهەمین لوتکەی ناتۆ چی روودەدات و چاوەڕێی چی دەکرێت؟

سکرتێری گشتی ناتۆ: ئۆکرانیا مافی ئەوەی هەیە بە بۆمبی هێشوویی بەرگری لە خۆی بکات

K24 - هەولێر:

بە ئامادەبوونی سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی 31 وڵاتی ئەندام لە ناتۆ و پێنج وڵاتی چاودێر، لوتکەی 33ـهەمینی ناتۆ لە شاری ڤێڵینیۆسی پایتەختی لیتوانیا دەستپێدەکات.

لە لوتکەکەدا فینلاند بۆ یەکەمجارە وەک ئەندامی نوێی هاوپەیمانی ناتۆ بەشداری دەکات و هەریەکە لە نیوزیلاند و ژاپۆن و ئوسترالیا و کۆریای باشوور و سوید وەک میوان و چاودێر بەشداری لوتکەکە دەکەن.

تەوەرە سەرەکییەکانی لوتکەی ڤێڵینیۆسیش، هاوکاریکردنی ئۆکرانیا و پرسی بەئەندامبوونی سوید و ئۆکرانیا لە هاوپەیمانی ناتۆ و زیادکردنی بودجەی بەرگری و پرسی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ئاسیان.

چاوەڕواندەکرێت لوتکەی ناتۆ لە لیتوانیا بڕیاری یەکلاکەرەوە دەربارەی بە ئەندامبوونی سوید و ئۆکرانیا لە هاوپەیمانێتییەکە بدات.

یێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ لەوبارەیەوە گوتی: ئۆکرانیا ئاڵنگارییەکی هەیە ئەویش نەبوونی چەکی پێویستە، ئێمەش ئەوەندەی پێمان بکرێت دەبێت چەکی زیاتر رەوانەی کیێڤ بکەین.

سەبارەت بە پێدانی بۆمبی هێشووییش، کە لە جەنگەکەدا بەکارهاتووە، سکرتێری گشتی ناتۆ پێی وایە، چونکە رووسیا بۆمبەکەی دژی ئۆکرانیا بەکارهێناوە، ئۆکرانیاش مافی ئەوەی هەیە بە بۆمبی هێشوویی بەرگری لە خۆی بکات.

بە بڕوای یێنس ستۆڵتنبێرگ، لە لوتکەی ناتۆ بڕیاری زۆر گرنگ و یەکگرتوو بۆ زیادکردنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ کیێڤ دەدرێن، سەبارەت بە ئەندامییەتی ئۆکرانیاش لە هاوپەیمانی ناتۆ رایگەیاند، هەموو ئەندامانی ناتۆ پابەندن بەوەی ئۆکرانیا لە داهاتوودا ببێتە ئەندامی ناتۆ.

لەلای خۆیەوە، ئوڵف کرێستێرس، سەرۆکوەزیرانی سوید رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنی تورکی، هەنگاوی گەورەیان بەئاڕاستەی بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ نا.

راشیگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا لە پایزی ئەمساڵ دەستپێدەکەنەوە.

سەبارەت بە ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئەو وڵاتە رایگەیاند، چاوەڕوان دەکەن دەرئەنجانی لوتکەی ناتۆ ئەوەبێت کە ئۆکرانیا و ئاسایشی جیهانیش پێویستییەتی.

راشیگەیاند، وڵاتەکەی لە رووی ئەمری واقیعەوە بووە بەئەندامی ناتۆ، چونکە چەکەکانیان چەکی ناتۆی و بەهاکانیشیان بەهای ناتۆیە.

لەلایەکی دیکەوە جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکاش رایگەیاند، لە لوتکەی ناتۆ لە ڤیڵنیۆس، بڕیاری گرنگ بۆ بەردەوامی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا دەدرێن.

جەیک سولیڤان ئاماژەی بەوەشدا، پوتن لە هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی کەلێن لە هاوپەیمانی ناتۆ شکستیهێناوە.

ناتۆ بەهێزترین هاوپەیمانی سەربازییە لەجیهاندا و لەساڵی 1949 دامەزراوە، یەکەم لوتکەشی لەساڵی 1957 لە فەڕەنسا ئەنجامدا، کۆتا لوتکەش لەساڵی 2022 بوو لەشاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا.