گوتەبێژی پارتی لەبارەی کۆبوونەوەی رابردوویان لەگەڵ یەکێتی: گفتوگۆی زۆر باش و بونیاتنەرانە کرا

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر

لە کۆبوونەوەی رابردووی نێوان هەردوو مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی "کۆمەڵێک گفتوگۆی زۆر باش و بونیاتنەرانە کرا"، لە ماوەی چەند رۆژی داهاتووشدا هەردوو مەکتەب سیاسی بۆ جارێکی دیکە کۆدەبنەوە و "نابێت لەیەکتر دووربن". ئەمە بەگوتەی گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کوردستان24.

رۆژی یەکشەممە 9ـی تەممووزی 2023، شاندێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام کرد و هەردوولا بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان و چەند پرسێکی هەنوکەیی تایبەت هەرێمی کوردستان و عێراق، لە سەرووی هەمووشیانەوە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەرلەمان کۆبوونەوە.

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 10ـی تەممووزی 2023، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی نمایشکردنی دۆکیۆمێنتەری "سەرۆکوەزیرانێکی خۆڕاگر" لە هەولێر؛ لەبارەی کۆبوونەوەی رابردوویان لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەردوولا زۆر بە راشکاوی قسەیان لەگەڵ یەکدی کردووە و "کۆبوونەوەکە بە ئاراستەیەکی باش چووە پێش و کۆمەڵێک گفتوگۆی زۆر باش و بونیاتنەرانە کرا".

لەو کۆبوونەوەدا، وەکو ئەوەی گوتەبێژی پارتی ئاماژەی پێ دەدات، هەردوولا (پارتی و یەکێتی) باسیان لەوە کردووە "چۆن ئەو دیدگا جیاوازانەی هەمانە بۆ چارەسەکردنی کێشەکان، لەیەکدی نزیکبکەینەوە و هەوڵبدەین ئەم جیاوازییانە نەبنە هۆی دروستبوونی درزێک کە خەڵکی دیکە سوودی لێ وەربگرێت."

لە کۆبوونەوەی رابردوودا؛ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە فازڵ میرانی، سیداد بارزانی، هوشیار زێباری، مەحموود محەممەد و زاگرۆس فەتاح پێکهاتبوو. شاندی یەکێتیش لە بافڵ تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، جەعفەر شێخ مستەفا و شاڵاو عەلی عەسکەری پێکهاتبوو.

مەحموود محەممەد بە پێویستی دەزانێت بۆ ئەوەی درز لەنێوان پارتی و یەکێتی دروست نەبێت، بەردەوام گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەنێوان هەردوولادا هەبێت و "بەردەوام یەکتر ببینین و لە یەکتر دوورنەبین". لەبارەی ئەو بێ متمانەیەش کە دەگوترێت لە نێوان هەردوولا دروستبووە، دەڵێت، "دەبێت ئەو بێ متمانەییە چاکبکەینەوە و هەوڵبدەین کێشەکان بە هاوبەشی هەم لە کوردستان و هەم لە بەغدا چارەسەر بکەین."

کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەی رابردووی نێوان هەردوو مەکتەب سیاسی، درێژەپێدەری دوایین کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی بوو، کە رۆژی دووشەممە 26ـی حوزەیرانی 2023، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر بەڕێوەچوو.

بەگوتەی گوتەبێژی پارتی، لە کۆتایی کۆبوونەوەی رابردوویاندا لەگەڵ یەکێتی "بڕیارماندا کۆبوونەوەی سێیەم لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجام بدەین" و، وەکو خۆی دەڵێت، تا ئێستا رۆژی کۆبوونەوەی داهاتوو دەستنیشاننەکراوە، چونکە ژمارەیەک کۆبوونەوەی ناوخۆیییان لە پێشە، دوای ئەنجامدانیان "بەدڵنیاییەوە هەوڵدەدەین کۆبوونەوەکان سازبکەین و کۆببینەوە".