400 کۆچبەری نایاسایی لە لیبیا رزگار دەکرێن

کۆچبەرە رزگارکراوەکانی لیبیا
کۆچبەرە رزگارکراوەکانی لیبیا

K24 - هەولێر

دەیان کۆچبەری نایاسایی لە کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی لیبیا لە مردن رزگاریان بوو، کە بە مەبەستی گەیشتن بە کەناراوەکانی ئەوروپا کۆچیان کردبوو، پسپۆرانیش دەڵێن، ئەمە ئاماژەیە بۆ بێبایەخکردنی ئەو مەترسیانەی کە دەبێتە هۆی خنکان و مردنیان.

پسپۆڕان و چاودێران پێیان وایە، لێشاوی سەدان کۆچبەر بۆ سەر کەناراوەکانی لیبیا و هەڵاتنیان بۆ دەریا لەلایەن بازرگانانی مرۆڤەوە، ئاماژەیە بۆ بێبایەخکردنی ئەو مەترسیانەی کە دەبێتە هۆی مردنی بەشێکیان و خنکانیان لە دەریای ناوەڕاست.

دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار بە بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەری نایاسایی لە رۆژهەڵاتی لیبیا رایانگەیاند، هێزەکانیان نزیکەی 400 کۆچبەریان رزگارکردووە کە خەڵکی  وڵاتانی میسر و سووریان، دوای ئەوەی بەلەمێک کە ئەوانی هەڵگرتبوو لە نزیک کەناراوەکانی شاری تۆبروک وەرگەڕا، دواتر هەندێک لە کۆچبەرەکان ویستیان لە دەستی کارمەندانی ئاسایش هەڵبێن.

سەرچاوەیەکی ئەمنی شەرقولئەوسەتی راگەیاند، بەلەمێکی گەوره بە سه دان کۆچبه ری هەڵگرتبوو، بەڵام کە گەیشتە که ناری ناوچەی "ئەلعوده" هەندێک لەکۆچبەرەکان بازیان دا تاوەکو لەدەستی هێزە ئەمنییەکان هەڵبێن، هێزە پەیوەندیدارەکان توانیان ئەو کەسانە رزگاربکەن، بەڵام ئەحمەد سەڵاح قوتبی میسری تەمەن 21 ساڵ، گیانی لەدەستدا.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، دەزگا ئەمنییەکان بەدوای قاچاخچییەکدا دەگەڕێن، کە بەپێی لێکۆڵینەوەکان، نزیکەی پێنج هەزار دۆلاری لە هەر سەرنشینێک وەرگرتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەلەمەکە ئاگری تێبەردراوە بۆ ئەوەی دوای ئازادکردنی جارێکی دیکە لە قاچاخچێتی کۆچبەران بەکارنەهێنرێت.

دەسەڵاتدارانی ئەمنی ئەو کۆچبەرانەیان گواستەوە کە منداڵیشیان تێدابووە، بۆ کەمپێکی رۆژهەڵاتی لیبیا، پێش ئەوەی دیپۆرتیان بکەنەوە بۆ وڵاتەکانیان.

ڕۆژی دووشەممە، دەزگای بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی لە شاری شەهات لە لیبیا رایگەیاند، 224 کۆچبەریان بۆ وڵاتەکانیان دیپۆرتکردووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ئەو وڵاتە.

لە چوارچێوەی لێشاوی کۆچبەران بۆ ناو وڵاتەکە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی زلیتن لە لیبیا رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 70 کۆچبەری نایاسایی لە ناوچەی کادووشیان لەناو بارهەڵگرێکی پەلەوەر خۆیان حەشاردابوو دەستگیرکران، دواتر رادەستی دەزگای کۆنترۆڵکردنی کۆچبەری کراون.

بازرگانانی مرۆڤ لە لیبیا پەنا دەبەنە بەر هەڵگرتنی قوربانییەکانیان لە شوێنی نهێنی بە مەبەستی وەرگرتنی پارە لە خێزانەکانیان لە بەرامبەر ئازادکردنیان.

تاریق لاملوم، چالاکوانی مافی مرۆڤی لیبیا و سەرۆکی ڕێکخراوی بێلادی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت: "دوو ساڵ لەمەوبەر هۆشداریمان دابوو کە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە کۆڵانەکاندا دەستبەسەر کراون، لە 10 هەزار کەس نزیکبووەتەوە".

هیومان ڕایتس وۆچ، تونس تۆمەتبار دەکات بەوەی لە مانگی تەمموزەوە، سەدان کۆچبەری ئەفریقی هاتوونەتە ناوچەیەکی بیابانی نزیک سنووری لیبیا.