رێوڕهسمی كردنهوهی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان بهڕێوهچوو
K24 – هەولێر:
زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان دهكرێتهوه و یهكێكه لە دەستکەوتەكانی کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و رۆڵێکى گرنگ دەبینێت لە پەرەپێدانى خوێندنى پیەشەیی و زانستە کردارییەکان و دروستکردنى کادیرى ناوەندى و دەستى کار بۆ ناوچەکە رادهكێشێت، هاوكات رۆڵ له بەستنەوەى ناوەرۆکى پرۆگرامەکانى خوێندن بە پێداویستییەکانى بازاڕى کار دهگێڕێت.
ئهمڕۆ (سێشهممه 11ـی تهممووزی 2023) زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان کرایەوە و له وتهیهكدا ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگهیاند، كردنهوهی ئهو زانكۆیه بهشێكه له دهستكهوته گرنگهكانی كابینهی نۆیهمی حكومهتی ههرێمی كوردستان له بواری خوێندنی باڵا.
ههروهها وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگهیاند، وهزارهتهكهیان لەماوەى کارەکانیدا لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان چەندین پرۆژەى گرنگ و ستراتیژى جۆراو جۆرى لە بوارو تەوەرە جیاوازەکان پێشکەش کردووە، گوتیشی، وهزارهت هەوڵى داوە زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ کوڕان و کچان لە ناوخۆیی هەرێمى کوردستان بڕەخسێنێت.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتیشی: "ئەو رێوڕەسمە کە هاوکاتە لەگەڵ چوار ساڵەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە ئێمەوە وەکو وەزارەتی خوێندنی باڵا چوار ساڵی پڕ لە قەیران و سەخت بوو، زۆربوون ئەوانەی پێیانوا بوو نە کابینەی نۆیەم و نە وەزارەتی خوێندنی باڵا و هیچ سێکتەرێک ئەو قۆناغە بە سەرکەوتووی تێپەڕێنێت، بەڵام سەربەرز و روو سوورم کە ئەمڕۆ لە خزمەت ئێوە و رایگشتی وەستاوم و دەڵێم، نەک نەوکەوتین، بەڵکو سەرکەوتین، نەک سازشمان نەکرد، بەڵکو بە ئیرادەوە وەستاینەوە"
رۆژی (26ـی حوزەیرانی 2023)، وەزارەتی خوێندنی باڵا و و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پاڵپشت بە فەرمانى سەرۆکایەتىی ئەنجوومەنى وەزیران و لەبەر ڕۆشنایىی بڕگەى (پێنجەم) لە ماددەى (سێیەم) و بڕگەى (یەکەم/1) لە ماددەى (چوارەم)، لە یاساى وەزارتى خوێندنى باڵا و توێژینەوى زانستیی ژمارە (10)ى هەموارکراو، بە هەردوو فەرمانی وەزاری ژمارە (744 و 745)، فەرمانی دامەزراندنی بۆ هەردوو زانکۆی ئاكرێ و گهرمیانی دەرکرد.
لە فەرمانەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە، زانکۆى ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان، ناوەندەکەى لە قەزاى ئاکرێ دەبێت و زانکۆى پۆلیتەکنیکى گەرمیان ناوەندەکەى لە قەزای کەلار لە ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان دەبێت.
بەگوێرەی هەردوو فەرمانەکە، بە پێى بڕگەى (یەکەم/9) لە ماددەى (حەوتەم) لە یاساى وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوى زانستى، ئەو دوو زانکۆ نوێیە بۆ لیستى زانکۆ حکومییەکان زیاد دەکرێت و بە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دەبەسترێنەوە.
بە فەرمانی ژمارە (2546) لە (19ـی حوزەیرانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی دەرکردووە بۆ دامەزراندنی دوو زانکۆی نوێ لە هەرێمی کوردستان و لکاندنیان بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی دەزگاکانی دیکەی خوێندن.
ئەو دوو زانکۆیە بریتین لە زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان و لە فەرمانەکەدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راسپاردووە بۆ دیاریکردنی پێکهاتەی هەریەک لەو زانکۆیانە و دابینکردنی گشت پێداویستییەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆ پەیوەندیدارەکان بە رەچاوکردنی سەرجەم مەرجە زانستی و یاساییەکان کە لە یاسا و رێنماییەکاندا هاتووە.