کابینەى نۆیەم هەلی کارى بۆ 582 کۆمپانیاى نوێ رەخساندووە

یەکێک لە سایلۆکان - وێنە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری
یەکێک لە سایلۆکان - وێنە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری

K24 – هەولێر:

لە چوار ساڵی رابردووى کابینەى نۆیەمدا، بەپێی راپۆرتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بوارى وەبەرهێنان و فراوانکردنی پانتایی کارى کۆمپانیا خۆماڵی و دەرەکییەکان، وەک یەکێک لە هێڵە گرنگەکانی کاری حکومەت، پێشکەوتنی گرنگی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش هاوتەریبی رێنمایی و یاسای نوێ بووە کە بەرهەم و دەستی کارى ناوخۆیی دەپارێزن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردووەتەوە، لە هەرێمی کوردستاندا، بە کۆى گشتی، 32 هەزار کۆمپانیاى جۆراوجۆر لە کاردان. بەو پێیە ژمارەى کۆمپانیاکان لە شارى هەولێر، نزیکەى 21 هەزار و 105 کۆمپانیایە؛ 18 هەزار و 652 کۆمپانیا خۆماڵیین و دوو هەزار و 518 کۆمپانیا بیانیین.

لە پارێزگای سلێمانیش، حەوت هەزار و 165 کۆمپانیا هەن؛ شەش هەزار و 620 کۆمپانیا خۆماڵیین و 579 کۆمپانیا دەرەکیین. هەروەها لە دهۆک، سێ هەزار و 853 کۆمپانیا هەن؛ سێ هەزار و 581 کۆمپانیایان خۆماڵیین و 297 کۆمپانیا بیانیین.
لە کۆی گشتییدا، 32 هەزار و 123 کۆمپانیا لە کوردستاندا هەن، 28 هەزار و 853 کۆمپانیا خۆماڵیین و سێ هەزار و 376 کۆمپانیا بیانیین.

هەروەها لەو چوار ساڵەی کابینەى نۆیەمدا، بەهۆى ئاسانکارییەکان، 582 کۆمپانیا بە سەرمایەى 635 هەزار دۆلار، مۆڵەتی کارکردنیان وەرگرتووە، کە 13 هەزار و 451 هەلی کاریان بە گشتی دابین کردووە. بوارى کارەکانی ئەو کۆمپانیایانە بریتین لە: خۆراک، بیناسازی، رستنوچنین، فلزییەکان، کیمیاوی، پلاستیکی، سلیلۆزی، مۆبیلیات، دووبارە بەکارهێنانەوە و خزمەتگوزاری.

ژمارەى کارگە مۆڵەتپێدراوەکانی پارێزگاى هەولێر لە کابینەى نۆیەمدا، 490 کۆمپانیا بووە، کە بە سەرمایەى نزیکەى 174 هەزار دۆلار بەشدارییان کردووە. ژمارەى کارگە مۆڵەتپێدراوەکانی پارێزگاى سلێمانیش لەم کابینەیەدا، 213 کۆمپانیا بە سەرمایەى 725 هەزار دۆلار بووە. هەروەها ژمارەى کارگە مۆڵەتپێدراوەکانی پارێزگای دهۆک 83 کۆمپانیا بە سەرمایەى نزیکەى 138 هەزار دۆلار بووە.

لەلایەکی دیکەوە، تاکو مانگی نیسانی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەر سێ پارێزگاى هەولێر و سلێمانی و دهۆک، لە کۆی دامەزراندنی ئەو سایلۆیانەى لە مەخموور، هەولێر، قوشتەپە، پیرەمەگروون، رانیە، شارەزوور، چەمچەماڵ، کەلار، فایدە، شێخان، زاخۆ و بەردەڕەش دروستی کردوون، توانیویەتی 585 هەزار تەن گەنم عەمبار بکات و پرۆژەی هاوشێوەش بەردەوامیی هەیە. ئەمەش یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی بەرەوپێشبردنی ئاسایشی خۆراک و دانەوێڵە لە هەرێمی کوردستاندا.

هاوکات چەندین پرۆژە لە کارکردندان، وەکو دروستکردنی سایلۆى 40 هەزار تەنی و پێنج کۆگاى مەوادی خۆراکی، لە بەردەڕەش، دروستکردنی کۆگاى مۆدێرن بۆ عەمبارکردنی برنجی پسوولەى خۆراکی مانگانەى هاووڵاتییان لە سایلۆی فایدە، دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەى پیشەسازیی تانجەڕۆ، دروستکردنی سایلۆ بە قەبارەى 80 هەزار تەن لە سلێمانی و دروستکردنی هەشت کۆگا لە ناوچەى هوانە، گەیاندنی خزمەتگوزاریی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ و داخستنی تێکەڵە بۆ بەشێک لە شەقامەکانی پیشەسازیی تانجەڕۆ، ئاوەڕۆی بۆکس بۆ کۆمەڵگەى گەنجینەکانی خواردن لە ناوچەى هوانە بە درێژاییی 280 مەتر لە سلێمانی، دروستکردنی کۆمەڵگەیەک بۆ فەرمانگەکانی سەر بە بەڕێوەبەرێتیی گشتیی بازرگانیی سۆران، دروستکردنی ناوچەى پیشەسازی لە کەلار، دروستکردنی سایلۆی 40 هەزار تەنی و 10 کۆگا لە هەڵەبجە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی ئەوەشکردەوە، کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بێوچان لە بوارى بازرگانی و وەبەرهێنان کار دەکات، لەو سۆنگەوەش 25 پڕۆژەی دیکە پێشنیاز کراون و بەشێکیان پارەیان بۆ تەرخانکراوە تاکو جێبەجێ بکرێن.