سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و جێگری فەرماندەی دەستەی راوێژکارانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کۆبوونەوە

K24 - هەولێر:

فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەدیوانی وەزارەت، پێشوازی لە جەنەڕاڵ پیتەرس جێگری فەرماندەی دەستەی راوێژکارانی هاوپەیمانان لەعێراق و سوریا و شاندێکی یاوەریکرد.

ئەمڕۆ (11ـی تەمموزی 2023)، لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەدیوانی وەزارەت، پێشوازی لە جەنەڕاڵ پیتەرس جێگری فەرماندەی دەستەی راوێژکارانی هاوپەیمانان لەعێراق و سوریا و شاندێکی یاوەریکرد و لە دیادرەکەدا، برەودان بەزیادکردنی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هاوکات بەردەوامیدان بەپڕۆسەی چاکسازی و باشترکردنی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن لەڕێزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان خرایە بەرباس، هەردوولا بەگرنگیەوە تیشکیان خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەئەنجام گەیاندنی بەرنامەو پلان هاوبەش بۆ لەناوبردنی هزری توندڕەوی داعش و گروپە تیرۆرستیەکان لەعێراق.

لە راگەیاندراوەکەدا، ئاماژە بەوەشکراوە، جەنەڕاڵ پیتەرس خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە هەوڵ و هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەپڕۆسەی چاکسازی هێزەکان و هەروەها گووتیشی: "هاوپەیمانان گەشبینین بە ئەنجامی پڕۆژە یاسای چاکسازی لەوەزارەتی پێشمەرگە".

لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی پیشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بەیاوەری لەگەڵ جێگری فەرماندەی دەستەی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لەعێراق وسوریا، بنکەی ئۆپەڕاسیۆنی هاوبەشی وەزارەتی بەسەرکردەوەو، لەنزیکەوە لەگەڵ ئەفسەران گفتوگۆیان لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارو ئەرکەکانی ئەم بەشە گرنگەی وەزارەت کردەوە، چەندین سەرنج و تێبینیش بۆ رایکردنی کاروبارەکانی ئەم بنکەیە خرایە روو.