وەزارەتی نەوتی عێراق پێنج رۆژە نەوتی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت

K24 – بەغدا:

دوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی فیدڕاڵی عێراق، پێنج رۆژە 150 هەزار بەرمیل لە نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بەکاردەهێنرێت و دەنێردرێتە پاڵاوگەکان ئەمەش وەک هەنگاوی یەکەمە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، وەزارەتی نەوتی عێراق وەک یەکەم هەنگاو بۆ بەکارهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان، رۆژانە بڕی 150 هەزار بەرمیل نەوت بۆ کاروباری ناوخۆیی بەکاردەهێنێت و دەنێردرێتە پاڵاوگەی بێجی و250 هەزار بەرمیلەکەی دیکەش لەداهاتوودا دەدرێتە کارگەکانی سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

لەلایەن خۆیەوە، سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەبری ئەوەی لە بەسرەوە نەوت بۆ پاڵاوگەی بێجی رەوانە بکرێت بۆ پاڵاوتن، لە هەرێمی کوردستانەوە نەوت بۆ ئەو پاڵاوگەیە رەوانە دەکرێت.

هاوکات سەڵاح بووشی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کوردستان24 باسی لە هەنگاوەکانی جێبەجێ کردنی بودجە کرد و رایگەیاند لەدوای ناردنی 150 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق پابەندە بەپێدانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە بەگوێرەی یاسای بودجە پەسەندکراوە.

راوێژکارەکەی سوودانی گوتیشی، "دەسەڵاتی فیدراڵی پابەندە بەجێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر وبەغدا کە لە بودجەدا هاتووە، لەدوای ئەوەی کە هەرێمی کوردستان پابەندبوو بەپێدانی نەوت بە عێراق، هیچ بەربەستێک نەماوە بۆ نەناردنی شایستە داراییەکان.

بەکارهێنانی 150 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، جێبەجێکردنی یەکێک لە بڕگەکانی بودجەی گشتی عێراقە کە تایبەتە بە پرسی ناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق و لە بەرامبەریشدا، بەرپرسیاریەتی بەغدا دەمێنێتەوە بۆ پابەندبوون بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە (25ـی ئاداری 2023)، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی دواتر شاندێکی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە و گەیشتن بە رێککەوتن، سەردانی بەغدایان کرد.

هەروەها رۆژی (سێشەممە 4ی نیسانی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی هەردوولا لە رێوڕەسمێکدا رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە واژووکرا.

دوای چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانیش لەنێوان تیمەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیای سۆمۆ بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی نووسراوی ئاراستەی تورکیا کردووە بەڵام تاوەکو ئێستا چاوەڕێی وەڵامی لایەنی تورکیان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە.

هەروەها یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) کە لە (12ـی حوزەیرانی 2023) لە پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسندکرا و 21ـی هەمان مانگیش سەرۆک کۆماری عێراق واژۆی لەسەر کرد و رۆژی (26ـی حوزەیرانی 2023)ـش لە رۆژنامەی وەقایعی فەرمی بڵاوکرایەوە، نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە و بڕی هەناردەکردنی نەوتی مانگانەش بە سێ ملیۆن بەرمیل رۆژانە دانراوە.

یاسای بودجەی گشتی عێراق لە 78 ماددە پێکهاتووە و کۆی گشتی بودجەکەش بە 198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار بۆ ساڵی دارایی 2023 خەمڵێندراوە، کە داهاتی گشتی عێراقیش بۆ ئەو ساڵە بە 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار داندراوە، بەمپێیەش 64 ترلیۆن و 357 ملیار و 424 ملیۆن و 527 هەزار دینار کورتهێنان لە بودجەدا هەیە.