لە ماکرۆنەوە بۆ سوپای ئۆکرانیا: مووشەکی نوێی دوور مەوداتان پێ دەدەین

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا

K24 - هەولێر

ئیمانوێل ماکرۆن رایدەگەیەنێت، مووشەکی نوێی دوور مەودا رەوانەی ئۆکرانیا دەکەن کە توانای لەناوبردنی بەهێزە. ئاماژە بەوەش دەدات، "پێویستە رووسیا لەم جەنگەدا سەرنەکەوێت". 

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا کە بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ناتۆ لە ڤیلنیوس پایتەختی لیتوانیایە لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە کرد، بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لەو رێککەوتنە کردووە کە دوێنێ کراوە بۆ بەشداریکردنی سوید لە ناتۆ.

سەرۆککۆماری فەرەنسا دڵخۆشی خۆی نیشان دا بەوەی فینلاند وەک ئەندامی ناتۆ لەسەر مێزی رێکخراوەکە بوونی هەیە.

ماکرۆن باسی لەوە کرد، لە دەستپێکی جەنگی رووسیا - ئۆکرانیاوە تا ئێستا، فەرەنسا هەژموونی سەربازیی ناتۆی لە باڵی رۆژهەڵات بەهێز کردووە و هەزار سەربازیی فەرەنسی لە رۆما و 300ی دیکە لە ئیستۆنیا جێگیرکردووە.

ئیمانوێل ماکرۆن ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەکەی مووشەکی نوێی دوور مەودا رەوانەی ئۆکراینا دەکات کە توانای لەناوبردنی بەهێزە.

ئیمانوێل ماکرۆن لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: ''چەک و تەقەمەنی سەربار رەوانەی ئۆکرانیا دەکەین. پێویستە رووسیا لەم جەنگەدا سەرنەکەوێت''.

راگەیاندنی نیشتمانیی فەڕەنسا بڵاویکردەوە، فەرەنسا مووشەکی ئاراستەکراوی درێژ مەودا لە جۆری "SCALP" رەوانەی ئۆکراینا دەکات.

بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 11 ملیۆن 600 هەزار کەس لە ئۆکرانیا ئاوارە بوون کە پێنج ملیۆن و 700 هەزار کەسیان ناچار بوون پەنا ببەنە بەر وڵاتانی دراوسێ.

بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە 24ـی شوباتی 2022ـه‌وه‌، کە جەنگی رووسیا - ئۆکرانیا دەستیپێکردووە تا ئێستا، لانیکەم هەشت هەزار هاووڵاتیی مەدەنی لە جەنگەکەدا گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە 13 هەزار هاووڵاتیش برینداربوون.

وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، ئەمه‌ریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا لە بوارە جیاجیاکانی وەک دارایی، وزە، گواستنەوە، کۆنترۆڵی هەناردەکردن و دارایی، پێدانی ڤیزا سزای نوێیان بەسەر رووسیادا سەپاند.

لە ماوەی جەنگەکەدا، یەکێتیی ئەورووپا 11 پاکێجی سزای بەسەر رووسیادا سەپاند و بڕیاری دا زیاتر لە هەزار کەس و زیاتر لە 200 دامەزراوە سزا بدات.

لەگەڵ لەشکرکێشییەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا زیاتر لە هەزار کۆمپانیای نێودەوڵەتیی رووسیایان بەجێهێشت و بایکۆت یان چالاکییەکانیان سنووردار کرد.