کۆریای باکوور بۆ ئەمەریکا: بۆمبی وێرانکەرت رەوانەی ئۆکرانیا کردووە و ئەنجامەکەی دڵتەزێن دەبێت

ئاڵای ئەمەریکا و کۆریای باکوور | وێنە: Deccan Herald
ئاڵای ئەمەریکا و کۆریای باکوور | وێنە: Deccan Herald

K24 - هەولێر

کۆریای باکوور بڕیاری رەوانەکردنی بۆمبی هێشوویی لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ ئۆکراینا سەرکۆنە دەکات. دەشڵێت، " ئەمە تاوانە، مەترسیی روودانی کارەساتێکی دیکە بۆ جیهان لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت".

ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی تەممووزی 2023، ئاژانسی هەواڵیی ناوەندیی کۆریا (KCNA) کە ئاژانسی فەرمیی کۆریای باکوورە؛ بڵاوی کردووتەوە، چۆی سۆن-هوی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رەخنەی لە رەوانەکردنی بۆمبی هێشوویی بۆ لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ ئۆکراینا گرتووە.

چۆی بڕیاری ئەمەریکای بۆ رەوانەکردنی بۆمبی هێشوویی بۆ ئۆکراینا بە "تاوانێکی دیکە کە مەترسیی روودانی کارەساتێکی دیکە بۆ جیهان لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت" لەقەڵەم داوە.

چۆی هۆشداری داوە، ئەگەر ئەمەریکا لە بڕیارەکەی پاشگەز نەبێتەوە ئەوا "ئەنجامی دڵتەزێنی لێ دەکەوێتەوە" و گوتوویەتی: "بەناوی کۆریای باکوورەوە بەتوندی سەرکۆنەی داواکاری ئەمەریکا دەکەین بۆ چەکی بە کۆمەڵی وێرانکەر بۆ ئۆکرانیا و داواکارین ئەمریکا چی زووە لەو بڕیارە پاشگەز بێتەوە".

رۆژی هەینی 7ـی تەممووزی 2023، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئۆکرانیا بە تەنها جێناهێڵن و بۆمبی هێشوویی بۆ ئەو وڵاتە رەوانە دەکەن.

رۆژێک دواتر ئۆلێکسی رەزینکۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا رایگەیاند، بۆمبی ‌هێشوویی کە لەلایەن ئەمەریکاوە بۆیان دابین دەکرێت، لەنێو خاکی رووسیادا بەکارناهێندرێت. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دژی پێدانی بۆمبی هێشوویی بە ئۆکرانیا لەلایەن هاتە دەنگ و رایگەیاند، بەکارهێنانی بۆمبی هێشووی نیشانەی لاوازییە و هیچ کاریگەری لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانیان  نابێت.