دیندار زێباری: هیچ کەسێک لە هەرێمی کوردستان لەسەر بیڕوباوەڕی سیاسی دەستگیر نەکراوە

"لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا، بەرەوپێشچوونی گەورە لە ئازادییەکان بەدیهاتووە"
دیندار زێباری
دیندار زێباری

K24 – هەولێر

رێکخەری نووسینگەی راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: هیچ کەسێک لە هەرێمی کوردستان لەسەر بیڕوباوەڕی سیاسی دەستگیر نەکراوە و ئازادییەکان بە گشتی لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشچوونێکی زۆریان بەخۆوە بینیووە.

دیندار زێباری رێکخەری نووسینگەی راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی: "تەحەدادەکەن هیچ کەسێک لە هەرێمی کوردستان لەسەر بیروباوەڕی سیاسی دەستگیرکرابێت. لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا، بەرەوپێشچوونی گەورە لە ئازادییەکان بەدیهاتووە و هیچ رۆژنامەوانێک لەسەر رۆژنامەوانی دەستگیرنەکراوە".

رێکخەری نوسینگەی راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم باسی لەوەشکرد، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم کاری لەسەر سەرجەم ئەو پێشنیاز و راسپاردانە کردووە، کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ئاڕاستەیان کراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، لەسەردەمی کابینەی نۆیەمدا بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی دەستخۆشی باشی نێودەوڵەتییان بۆ هاتووە.

دیندار زێباری راشیگەیاند: "یاسای رۆژنامەگەری هەرێمی کوردستان یەکێک لە باشترین یاساکانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەرکەوتنی میدیای دیجیتاڵ و نەبوونی یاسای تایبەت بەو بوارە کێشەی بۆ حکومەت دروستکردووە".

گوتیشی: "ئەو ژمارە رۆژنامەنووسەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانی هەرێم پێدەچێت لە وڵاتانی دیکە نەبێت، نزیکەی هەشت هەزار رۆژنامەنووس هەیە کە نزیکەی حەوت هەزار لە سەندیکا ناوی تۆمارکردووە، کێشەی هەرە سەرەکی ئێمە ئەوەیە کێ رۆژنامەنووسە لە هەرێم، بۆ حکومەت لە کاتی خۆپیشاندانەکان کێشە بۆ ئێمە دروست دەبێت، ناسنامەی رۆژنامەنووس ناسراو نییە".