رۆژنامەنووسانی بیانی: کابینەی نۆیەم ژینگەیەکی فراوانتری بۆ کاری رۆژنامەوانی رەخساندووە

نزیکەی 50 رۆژنامەنووسی بیانی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

رۆژنامەنوسانی بیانی، باس لە دۆخی کاری رۆژنامەنووسی دەکەن کە لە ماوەی چوار ساڵی  کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەراوردی دەکەن بەو ناوچانەی دیکە کە کاریان تیاکردووە.

 نزیکەی 50 رۆژنامەنووسی بیانی لە هەرێمی کوردستان هەن کە ژینگەیەکی فراوانیان لە کارکردن بۆ رەخساوە و بە گرنگییەوە باسی ئەو ئازادی کارکردنە دەکەن کە بۆیان فەراهەم کراوە.

ریاز محەممەد، رۆژنامەنووسی کەناڵێکی عەرەبییە و لە هەرێمی کوردستان کار دەکات، ئەو هۆکارەی تا ئێستا ئەوی لێرە هێشتووەتەوە كاركردنییه‌تی به‌ ئازادیی و ئاسودەیی، ئەو دەڵێت: "ئازادییەکی بەرفراوان هەیە بۆ کاری رۆژنامەگەری و دەتوانین ناڕەزایەتی خۆمان دەربڕین، لێرە بە هیچ شێوەیەک بەربەست لەبەردەم کارکردنمان نییە، لە کابینەی نۆیەمدا بە هیچ شێوەیەک رێگری لە رۆژنامەنووسان نەکراوە، ئێمە دەخوازین لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەموو کۆنگرە و کۆنفرانسەکان بانگهێشتمان بکەن، بۆ ئەوەی دەنگی کورد بە هەموو وڵاتانی عەرەبی بۆ خزمەتکردنی کوردستان".

ئەحمەد حەمدانی یەکێکی دیکەیە لەو رۆژنامەنوسە بیانیانەی ماوەی 10 ساڵە  لە شاری هەولێر کاری رۆژنامەوانی دەکات، زۆربەی شوێنەکانی هەرێمی کوردستانی گەڕاوە بۆ ئەوەی هەواڵیان لەسەر ئامادە بکات، بە کوردستان24ی گوت: "لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە هەولێر ئازادییەکی فراوان هەیە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق، هیچ کاتێک لەسەر کارکردن هەڕەشەمان لێ نەکراوە و لە هەموو شوێنێک رێگە پێدراوین بۆ کارکردن، هەر کاتێک بمانەوێت بە ئاسوودەیی کار دەکەین".

گوتیشی: "لە هەرێمی کوردستان بە هەموو کاتێک دەتوانین کار بکەین، بە پێچەوانەوە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق لە کاتەکانی شەودا رۆژنامەنووسان ناتوانن کار بکەن".

بەپێی بەدواداچوونە بەردەوامەکانی سەندیکای رۆژنامەنوسان، رۆژنامەنوسانی بیانی لە هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکیان نییە بۆ کارکردن.

لەوبارەوە هەندرێن محەممەد، سکرتێری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "رۆژنامەنووسانی بیانی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و هیچ کێشەیەکیان نییە، هەندێکجار ئەوان لە بەشێکی رۆژنامەنووسانی ناوخۆ بە پرۆفێشناڵتر کار دەکەن".

سێ جۆر رۆژنامەنووسی بیانی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بەشێکیان دەزگا گەورەکان کە لێرە دەستیان بە کارکردن کردووە، بەشێکیان  ئەو رۆژنامەنووسانەن کە ناتوانن لە بەغدا کار بکەن، بەشێکیشیان ئەوانەن کە لە ئاژانسێکی نێودەوڵەتی کار دەکەن بۆ کارێکی دیاریکراو دێن و دەگەڕێنەوە.