لە سعوودیە نزیکەی دوو ملیۆن حەپی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیرا

حه‌پی هۆشبه‌ر
حه‌پی هۆشبه‌ر

K24 - هەولێر:

لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سعوودیە، زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار حەپی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیرا.

ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاویکردەوە، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، مەڕوان حازمی ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە ئۆپەراسیۆنێکی نوێ بۆسەر تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر ئەنجامدراوە.

مەڕوان حازمی ئەوەشی خستەڕوو، لە شاری سەکاکا باکووری رۆژئاوای سعوودیە، چوار کەس دەستبەسەرکران و یەک ملیۆن و 882 هەزار و 198 حەپی هۆشبەریش دەستی بەسەردا گیرا.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکان هاووڵاتییەکی یەمەنییە و سێ هاووڵاتییەکەی دیکەش سعوودین، دوای ئەنجامدانی رێکكاری پێویست، دەستبەسەرکراوەکان رادەستی دەسەڵاتی دادوەریی کراون.