ئەردۆغان: شەڕی تورکیا دژی تیرۆر بێ وەستان بەردەوامە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

K24 – هەولێر:

سەرۆککۆماری تورکیا گووتی: "شەڕی بێوچان و بێبەزەییانە دژی تیرۆر هێڵی سووری ئێمەیە، ئێستا چاوەڕوانی هەڵوێستێکی تۆکمە و روون لە هەموو هاوپەیمانەکانمان دەکەین لەم بوارەدا"، لەبارەی رێڕەوی دانەوێڵەش ئەردۆغان دەڵێت:" دوای سەردانەکەی بەڕێز زێلێنسکی، بەڕێز پوتنیش هەندێک پێشنیاری هەبوو، ئێمە بە ڕێبازێکی چارەسەریی کاردەکەین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشنیارانە".

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوای کۆبوونەوەی لوتکەی سەرۆکی دەوڵەتان و حکومەتەکانی ناتۆ لە لیتوانیا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و گووتی: "ئەو پەیوەندییە شێواوەی کە بەشێک لە هاوپەیمانەکانمان لەگەڵ پەیەدە و یەپەگە دامەزراندوویانە، زیان بە یەکگرتوویی و یەکپارچەیی هاوپەیمانییەکە دەگەیەنێت، هیچ روونکردنەوەیەکی مەعقول و لۆژیکی بۆ ئەمە نییە".

ئەردۆغان گوتیشی "لە شەڕدا براوە نییە و لە ئاشتیدا دۆڕاو نییە، دەمانەوێت هیوای ئاشتی لە ناوچەکەماندا هەڵبگیرسێنینەوە".

سەرۆککۆماری تورکیا، لە بارەی رێرەوی دانەوێڵە، ئاماژە بەوەدا، "دوای سەردانەکەی زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، هاوکات پوتنیش هەندێک پێشنیاری هەبوو، ئێمە بە رێبازێکی چارەسەریی کاردەکەین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشنیارانە".

باسی لەوەشکرد، ئەگەر لایەنەکان "رووسیا و ئۆکرانیا" نێوەندگیری ئێمە قبوڵ بکەن، ئێمە بە خۆشحاڵیەوە نێوەندگیرییەکی لەو شێوەیە ئەنجامدەدەین.

سەبارەت بە هاوپەیمانێتی ناتۆ، ئەردۆغان، گووتی:"تورکیا هەمیشە پاڵپشتی سیاسەتی دەرگای کراوەی ناتۆی کردووە، تا ئێستا بە هۆکاری ئارەزوومەندانە رێگریمان لە هیچ وڵاتێک نەکردووە کە پەیوەندی بە هاوپەیمانییەوە بکات".

لەبارەی سووتانی قورئانی پیرۆ لە سوید، سەرۆککۆماری تورکیا، رایگەیاند، "سووتاندنی قورئان لە سوید هێرشکردنە سەر شوێنە پیرۆزەکانی خەڵک ئازادی بیرکردنەوە نییە، ئەوە سەرەتایەکە بۆ دەستپێکی کردەوەی تیرۆریستی"

سەبارەت بە ئەندامێتی سوید لە ناتۆ، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا، "ئەو دەزگایەی کە پرۆتۆکۆڵەکانی پەیوەستبوونی سوید بە ناتۆ پەسەند دەکات، پەرلەمان و نوێنەری ئیرادەی نیشتمانییە، جێگرەکانمان لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرۆسەکە دەکەن.

لە سەروبەندی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆدا، کە رۆژی سێشەممە، لە ڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا دەستیپێکرد، هەروەها  بڕیارە کتوپڕەکەی تورکیا بۆ قبوڵکردنی داواکاری سوید بۆبوونە ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ، پرسیاری زۆری لەسەر هۆکاری پێچەوانەبوونەوەی 180 پلەی تورکیا وروژاند.

یەنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتیی ناتۆ، رەزامەندی رەجەب تەیب ئەردۆغانی، سەرۆک کۆماری تورکیای بۆ بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ، بەرۆژێکی مێژوویی ناوبرد، ئەمەش دوای کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی کە ئولف کریستسۆن سەرۆکوەزیرانی سویدیش تێدا بەشداربووە.

سەبارەت بە هۆکارەکانی بەکارهێنانی "ڤیتۆ" لەلایەن تورکیا لەسەر ئەندامبوونی وڵاتی سوید بە ناتۆ، لە پێش هەموویانەوە شەڕی دژی تیرۆربووە، هەروەها دۆسیەی دەستخستنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-16ی ئەمەریکی بۆ تورکیا، کە واشنتن بابەتەکەی بە پەسەندکردنی ڕێککەوتنی تورکیاوە بەستبووەوە.

ئۆلف کریستسۆن سەرۆک وەزیرانی سوید لە وتارێکدا پێش دەستپێکردنی لوتکەی ڤیلنیۆس، رۆژی سێشەممە گوتی: بەباشی دەزانرێت کە ئێمە پشتیوانی لە پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا دەکەین، ئێمە پشتگیری لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان و مۆدێرنکردنی رێککەوتنی یەکێتی گومرگی و باشترکردنی رێساکان دەکەین بۆ وەرگرتنی ڤیزەی هاووڵاتیانی تورکیا بۆ چوونە ناو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا (شنگن) و ئەمەش زەمینەیەکی باش بۆ هاوکاریکردن دەڕەخسێنێت، نەک رێگریکردن لە داواکارییەکەی سوید.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی کۆشکی سپی جۆو بایدن رایگەیاندووە، ئامادەیە لەگەڵ ئەردۆغان کاربکات بۆ بەهێزکردنی بەرگری و رێگریکردن لە ناوچەی ئەتڵەسی، هەروەها بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕوانی بە ئەندام بوونی سوید دەکات بۆ ئەوەی ببێتە سی و دووهەمین وڵاتی هاوپەیمانییەکە.

لە مانگی تشرینی یەکەمی 2021 تورکیا داوای کڕینی 40 فڕۆکەی جەنگی ئێف 16ی کرد، لەگەڵ 80 کەرەستە بۆ نوێکردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێستای، بە بەهای 20 ملیار دۆلار لە کۆمپانیای لۆکهید مارتن.

لە بەرامبەردا سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا، بۆب مێنێندێز، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: ئێمە لە گفتوگۆداین لەگەڵ ئیدارەی بایدن، ئەگەر بتوانن رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی تورکیا دەستدرێژییەکانی بۆ سەر دراوسێکانی دەوەستێنێت، ئەوە زۆر باشە، هەروەها پێویستی بە رێگەیەک هەیە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی یۆنان و بەدەستهێنانی دڵنیایی.