لوتكه‌ی ناتۆ له‌ ڤیڵنیەس كۆتاییهات و بایدن دڵنه‌وایی زێلینسكی ده‌كات

K24 - هەولێر: 

دووەم و کۆتا رۆژی  36ەمین لوتکەی ناتۆ لە لیتوانیا کۆتاییهات. سەرکردەی وڵاتانی ناتۆ داواکارییەکەی سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ بوونە ئەندامی وڵاتەکەی لە هاوپەیمانییەکە رەتکردەوە.

سەرۆکی ئەمریکا و سکرتێری ناتۆ دەڵێن، ئۆمێد دەخوازین ئەو رۆژە ببینین پێکەوە ئاهەنگی بوونە ئەندامی ئۆکرانیا لە ناتۆ بگێڕین. سەرۆکی ئۆکرانیاش سوپاسی بەردەوامی هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتان دەکات بۆ سوپای وڵاتەکەی.

دووەم و کۆتا رۆژی لوتکەی ناتۆ لە ڤیڵنیەس پایتەختی لیتوانیا کۆتاییهات. بابەتی سەرەکی ئۆکرانیا و ئاسایشی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی بوو.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بانگهێشتی لوتکەکە کرابوو. هەوڵی زێلێنسکی لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ناتۆ و لەسەروو هەموویانەوە ئەمه‌ریکا بۆ قایلکردنیان بۆئەوەی کیێڤ ببێتە ئەندامی ناتۆ، بەڵام شکستی هێنا.

بایدن کۆبوونەوەی رووبەرووی لەگەڵ زێلێنسکی هەبوو و بە روونی پێی گوتووە وڵاتەکەت هەرچی بوێت دابینی دەکەین بەڵام جارێ کاتی ئەوە نەهاتووە ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمه‌ریکا گوتی: "هیوادارم ئەو هەسته‌ت لادروست بووبێت لەناو سەرۆک و سەرکردەکاندا چەندە پشتیوانیت هەیە. ئازایەتی و پێداگری ئێوە مۆدێلێکە بۆ هەموو جیهان. بابەتی هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا هیچ سەرکردەیەک نەبوو نەک رەتیکاتەوە بەڵکو دوودڵیش بێت لە هاوکاریکردنتان. دەزانم هەندێکجار نائومێد دەبن لەگەیشتنی هاوکارییەکان. دڵنیات دەکەمەوە وەک ئەمه‌ریکا هەرچی پێویستی هەیە دابینی دەکەین و هەوڵدەدەین بەزووترین کات بگەنە دەستتان. زۆرتان کردووە و زۆریشتان ماوە ئەنجامیبدەن. چاوم لەوەیە رۆژێک بێت پێکەوە ئاهەنگی بەفەرمی بوونە  ئەندامتان لە ناتۆ بگێڕین."

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ بەرپرسێکی باڵای ئەمه‌ریکی ئاشکرای دەکات، ئەگەر ئەمه‌ریکا بەداواکەی زێلێنسکی قایلبووایە رووسیا و ئەمه‌ریکا بەتەواوەی لەرووبەرووبوونەوەی سەربازیدا دەکەوتنە بەرامبەر یەک.

سەرۆکی ئۆکرانیا نیگەران بوو لەوەی نەک داوای بوونە ئەندامی وڵاتەکەی لە ناتۆ پەسەند نەکرا، بەڵکو، هیچ وادەیەکیش بۆ پەیوەستبوون بە هاوپەیمانییەکەوە دەستنیشاننەکرا، سەرەڕای ئەوەش سوپاسگوزاری هاوکارییەکانی ناتۆیە.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا گوتی: "دەرئەنجامی لوتکەی ناتۆ لە ڤیڵنیەس سەرکەوتنێکی پێویست و مانادارە بۆ ئۆکرانیا، سوپاسی هەموو سەرکردەکانی وڵاتانی ناتۆ دەکەم بۆ هاوکارییەکانیان کە هاوشێوەی نەبووە، ئێستا بۆ ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ گرەنتی ئاسایشی هەیە، شاندی ئۆکرانیا لەرووی ئاسایشییەوە سەرکەوتنی گرنگی بۆ وڵاتەکەمان و هاووڵاتییانمان بە دەستهێناوە، بۆ ئێمە دەرفەتی نوێی لەروویی ئاسایشییەوە بەردەست دەکات."

سکرتێری گشتی ناتۆ لوتکەی ڤیڵنیەس بە سەرەتای قۆناغێکی نوێ پەیوەندییەکانی ناتۆ و ئۆکرانیا ناودەبات. ستۆڵتنبێرگ دەڵێ، دەمانەوێت ئەم جەنگ کۆتایی بێت، رێکكاری پێویست دەگرینەبەر بۆئەوەی مێژوو خۆی دووبارە نەکاتەوە.

ستۆڵتنبێرگ ده‌ڵێت: " پەیامی ئەم لوتکەیە و هاوپەیمانانی ناتۆ لە پێدانی مووشەکی دوورمەودا، زرێپۆشی زیاتر، سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو و مەشقپێکردنەی فڕۆکەوانان لەسەر فڕۆکەی ئێف16، واتای ئەوە دەگەینێت پاڵپشتییان دەکەین تا خاکیان رزگار بکەن و لە دانووستاندا دەستیان بەهێز بێت، بەڵام واتای ئەوە ناگەینێت ناتۆ لەبری ئۆکرانیا دانووستان بکات."

یەکێک لەو هاوکاریانەی ئۆکرانیا زۆر چاوی لێیەتی فرۆکەی ئێف 16ەوە و چاوەرێی دەکرێت ئاداری ساڵی داهاتوو لەگەڵ کۆتاییهاتنی راهێنانی فرۆکەوانەکانیان بگەنە دەستیان.

ناتۆ و ئەوروپا هێشتا ترسیان لە رووسیا و چوونی گروپی ڤاگنەر و هاوکارییەکانی بێلارووسیا هەیە، وەک ئامادەکاری پێشوەختە  100 هەزار سەربازیان لە حاڵەتی تەواو ئامادەباشیدان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک ئەگەر بێلارووسیا بکرێتەسەریان.

بە ئامادەبوونی سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی 31 وڵاتی ئەندام لە ناتۆ و پێنج وڵاتی چاودێر، لوتکەی 33ـهەمینی ناتۆ لە شاری ڤێڵینیۆسی پایتەختی لیتوانیا به‌ڕێوه‌چوو.

لە لووتکەکەدا فینلاند بۆ یەکەمجارە وەک ئەندامی نوێی هاوپەیمانی ناتۆ بەشداریكرد و هەریەکە لە نیوزیلاند و ژاپۆن و ئوسترالیا و کۆریای باشوور و سوید وەک میوان و چاودێر بەشداری لوتکەکە بوون.

تەوەرە سەرەکییەکانی لوتکەی ڤێڵینیۆسیش، هاوکاریکردنی ئۆکرانیا و پرسی بەئەندامبوونی سوید و ئۆکرانیا لە هاوپەیمانی ناتۆ و زیادکردنی بودجەی بەرگری و پرسی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ئاسیا بوو.