هەردوو وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا جەختیان لە هەماهەنگى بەردەوام بۆ کارى هاوبەش لە داهاتوودا کردەوە

ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستی و ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە
ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستی و ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە

K24 – هەولێر:

ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستی سەردانی وەزارەتی پەروەردەی کرد و لەلایەن ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، پێشوازی لێکرا، هەردوولا کۆبوونەوە و جەختیان لە هەماهەنگى بەردەوام بۆ کارى هاوبەش لە داهاتوودا کردەوە.

ئەمڕۆ (12ـی تەمموزی 2023)، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند، ئارام محەممەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەیاوەرى بریکارى وەزارەت و راوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى سەردانى وەزارەتى پەروەردەى کرد و لەلایەن ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردە و بریکارى وەزارەت و راوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەتى پەروەردە پێشوازی لێکرا، دواتر کۆبوونەوەکیان ئەنجامدا و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دووپاتیکردەوە، بۆ ئەمساڵى خوێندنیش هاوشێوەى ساڵانى رابردوو پلانمانە بۆ ئەوەى زۆرترین دەرفەتى خوێندنى گشتى لە زانکۆکان بۆ کوڕان و کچانى هەرێمەکەمان لە خوێندنى گشتى لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بڕەخسێنین.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لە میانەی کۆبوونەوەکەیان وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پیرۆزبایى لە وەزارەتى پەروەردە کرد بۆ راگەیاندنى ئەنجامەکانى پۆلى دوانز ەو سەرکەوتنى پرۆسەکە، هەروەها گرنگى ئەنجامدانى کۆبوونەوە بەردەوامەکانى نێوان هەردوو وەزارەتى بە بایەخ وەسفکرد بۆ تاوتوێکردنى پرس و بابەتە هاوبەشەکانى نێوان هەردوو وەزارەت.

ئارام محەممەد قادر گووتی: "تێگەیشتنى تەواومان بۆ هەردوو سێکتەرى پەروەردەو خوێندنى باڵا لە کوردستان هەیە، بۆیە بوونى هەماهەنگى و هاوکارى بەردەوام و ئاڵوگۆڕى بیروڕاکان هاوکارمان دەبێت بۆ پێشخستنى زیاترى کەرتەکان".

لەلایەن خۆیەوە، ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردە، کۆبوونەوە بەردەوامەکانى نێوان هەردوولاى بەگرنگ زانى، بۆ ئەوەى پرس و بابەتە پێویستەکانى نێوان هەردوو وەزارەت لە کۆبونەوەکاندا تاوتوێبکرێت.

هاوکات گووتیشی: "هەردوو وەزارەت کارى زۆرمان بەیەکەوە هەیە، هەروەها سوپاسى وەزارەتى خوێندنى باڵاى دەکەم بۆ دابینکردنى هۆڵى زانکۆکان بەمەبەستى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى".

هەر بە گوێرەی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنینەوە زانستی، لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لە هەماهەنگى بەردەوام بۆ کارى هاوبەش لە داهاتوودا کردەوە.

ا