دلاوه‌ر ئاژگه‌یی: بەشداریمان لە کۆبوونەوەی باڵای نێوان عێراق و یەکێتی ئەوروپا کرد

K24 - هەولێر: 

نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا رایده‌گه‌یه‌نێت، لە برۆکسێل لەگەڵ شاندی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەشداریمان لە کۆبوونەوەی باڵای نێوان عێراق و یەکێتی ئەوروپا کرد.

دلاوه‌ر ئاژگه‌یی نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ فه‌یسبووك نووسیوویه‌تی: بەنوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان، بەشداریمانکرد لە کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی نێوان عێراق و یەکێتی ئەوروپا، تایبەت بە پەرەپێدانی دیموکراتی و مافی مرۆڤ.

ئاژگه‌یی هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: لە کۆبوونەوەکە تێڕوانین و بۆچوونی هەرێمی کوردستانمان خستەڕوو، سەبارەت بە پرسەکانی ئازادی ئایین و پێکەوەژیان و مافی پێکهاتەکان و ئەو هەنگاوانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناویەتی بۆ پێشخستنی ئەو مافانە.

هه‌روه‌ها ئاژگه‌یی ده‌ڵێت: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پڕۆژەی چاکسازی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاڵنگارییەکان و هەنگاوەکانی تایبەت بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی خرانەڕوو و لایەنی ئەوروپی ئەو هەنگاوانەیان بەرز نرخاند".

نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ فه‌یسبووك هه‌روه‌ها نووسیوویه‌تی: "سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن، داوامانکرد یەکێتی ئەوروپا، لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانی هاوکاری هەرێم بکات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە زووترین کاتدا ئەنجامبدرێت".