باڵیۆزی رووسیا لە تاران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەکرێت

ئاڵای رووسیا (راست) و ئاڵای ئێران (چەپ)
ئاڵای رووسیا (راست) و ئاڵای ئێران (چەپ)

K24 - هەولێر

ئالێکسەی یورییەڤیچ دێدۆڤ، باڵیۆزی رووسیا بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کرا و ناڕەزایی حکوومەتی تارانی پێ راگەیەندرا. ئەوەشی پێگوترا کە ئەو سێ دوورگەیەی لە راگەیەندراوەکەی رووسیا و رێکخراوی هاریکاری کەنداودا باس کراون، "بۆ هەتاهەتایە" سەربە ئێرانن و چاوەڕێ دەکەن رووسیا هەڵوێستی خۆی لەم بارەیەوە بگۆڕێت.

لە کاردانەوەی راگەیەندراوە هاوبەشەکەی رووسیا و رێکخراوی هاریکاری کەنداو دەربارەی سێ دوورگەی ناو کەنداو کە لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندان و ئیماراتیش بانگەشەی سەروەری خۆی تیایاندا دەکات، باڵیۆزی رووسیا لە تاران بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگ کرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئالێکسەی یورییەڤیچ دێدۆڤ، باڵیۆزی رووسیا بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کراوە و ناڕەزایی حکوومەتی تارانی پێڕاگەیەندراوە.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا ئاماژەی پێ دراوە، ئەم دوورگانە "بۆ هەتاهەتایە" سەربە ئێرانن و چاوەڕێ دەکەن رووسیا هەڵوێستی خۆی لەم بارەیەوە بگۆڕێت.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، باڵیۆزەکەی رووسیا جەختی لە گرنگی رێزگرتن لە یەکپارچەیی خاکی ئێران کردووەتەوە و بەڵێنیشی داوە بەزووترین کات راسپاردەکانی ئێران بە مۆسکۆ رابگەیەنێت.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممە 10ی تەممووزی 2023، لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا شەشەمین کۆبوونەوەی دیالۆگی ستراتیجیی رووسیا و رێکخراوی هاریکاری کەنداو بەڕێوەچوو. دوای کۆبوونەوەکەش لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا جەخت لە "پشتیوانیکردنی هەموو هەوڵێکی ئاشتییانە کرایەوە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنی دوولایەنە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانەی دەربارەی دوورگەکانی ئەبو مووسا، تونبی گەورە و تونبی بچووک لەنێوان ئێران و ئیمارات هەن" .

دوورگەکانی ئەبو مووسا، تونبی گەورە و تونبی بچووک لەلایەک بەهۆی نزیکییان لە گەرووی هورمز و لەلایەکی دیکەوە بەهۆی ئەگەری بوونی نەوت تیایاندا، هەریەکە لە ئێران و ئیمارات، بانگەشەی دەسەڵاتداری خۆیانی تیادا دەکەن.

تا ساڵی 1971 ئەم دوورگانە لەژێر داگیرکاریی بەریتانیادابوون. کاتێک بەریتانیا لە دوورگەکان کشاوەتەوە و فەرمانڕەواییانی داوەتە ئیمارات، راستەوخۆ ئێران دەستی بەسەر دوورگەکاندا گرتووە. ئیماراتیش ئەم کاری ئێران بە "داگیرکاریی" ناودەبات.

ئێرانیش لای خۆیەوە دەڵێت، لە رابردوودا ئەو دوورگانە سەربە ئێران بوون و لە ساڵی 1903، بەریتانیا بەشێوەیەکی کاتی دەستی بەسەرداگرتوون و باس لەوەش دەکات "لەو کاتەدا دەوڵەتێک نەبووە بە ناوی ئیمارات هەربۆیە ئێستاش ناتوانێت لافی فەرمانڕەوایی خۆی لەو دوورگانە لێبدات".

لە بەرامبەریشدا ئیمارات هەوڵی باوەڕهێنان بە وڵاتانی عەرەبی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەدات بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە فەرمانڕەواییکردنی دوورگەکان مافی ئەوە.