کریستیانەکانی عەنکاوە دژی مەرسوومێکی سەرۆککۆماری عێراق گردبوونەوە

دیمەنێکی گردبوونەوەی کریستیانەکان لە عەنکاوە - فۆتۆ: رێباز سیان
دیمەنێکی گردبوونەوەی کریستیانەکان لە عەنکاوە - فۆتۆ: رێباز سیان

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە، پارتە کریستیانەکانی عەنکاوە لە دژی مەرسوومێکی سەرۆککۆماری عێراق گردبوونەوە و راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە

گۆران عەبدولجەبار، سەرۆکی هاوبەندی کلدانی جیهانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بەشیوەیەکی گشتی ئەمڕۆ لە بەردەم کلێسای مار یوسوف لە عەنکاوەدا، بە نوێنەرایەتی پارتی سریانی و کلدانییەکان، هەروەها بە نوێنەرایەتی سەرۆک و بەرپرسانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەموو چین و توێژەکانی کریستیانی عەنکاوە دژی مەرسوومێکی سەرۆککۆماری عێراق گردبووینەوە".

راشیگەیاند "لێرە دژی ئەو بڕیارە وەستاوینەتەوە، دژایەتی خۆمان رادەگەیێنین بۆ هەنگاوێک کە پێمان وایە دەستدرێژییە بۆ یەکێک لە هێما ئاینیەکانی ئێمە، ئەویش باوکی بەڕێزمان، کاردینال مار لویس ساکۆس، سەرۆکی کڵێسەی کلدانی لە جیهان و عێراق، ئەمەش لە چوارچێوەی دەرکردنی مەرسوومێک بەناوی 31 کەم، کە دوای 10 ساڵ ئەو مەرسوومەتان هەڵوەشاندەوە".

گۆران عەبدولجەبار، گوتیشی: "ئێمە ناڕازین، چونکە ئەوە سوکایەتی و دەستدرێژییە بۆ سەر یەکێک لە گەورەترین کڵیساکانی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراست، ئەمە داخێکی گەورەیە و کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر کۆمەڵگەی مەسیحی، ئەو پێشینەیە پیدەچێت لێدانێک بێت لە مەسیحییەکان"

ئاماژەی بەوەشکرد: "جەنابی سەرۆککۆمار ئەوەی پەیوەستە بەو مەرسووم و راگەیەندراوەی کە بڵاوتان کردەوە، ئێمە دەڵێین: ئەوە یەکێکە لەمافە گرنگ و یاساییەکانی ئێمەیە، ئێمە پشتیوانی لەو مافەی خۆمان دەکەین، ئەو مەرسومەی هەڵتانوەشاندووەتەوە، دەرخەری نیەتێکی خراپە دژی کڵێسەی کلدانی، ئەوە شتێکە بە تەواوی رەتی دەکەینەوە".

 دەشڵێت: "دەرکردنی مەرسوومی کۆماری بۆ جەنابی لویس ساکۆ، کە ئەو پۆستەی وەرگرت و دواتر هەڵوەشایەوە، ئەمە شتێکی خراپە، ساکۆ لەلایەن سەرجەم لایەنەکانی حکومەتی عێراق و ڤاتیکانەوە دانی پێدانراوە، هەروەها سەرۆکایەتی ئەو کڵێسایە لە سەردەمەکانی پێشووشدا بنەماییەکی یاسایی هەبووە و رێزی لێگیراوە".

سەرۆکی رابیتەی کلدانی سریانی جەختیشی لەوەکردەوە: "ئەمرۆ ئێمە وەک مەسیحییەکان لێرە کۆبووینەتەوە، زۆر دڵگرانین، چونکە پێمان وایە لە عێراق بە ئامانج گیراوین، پێمان وایە لەبەردەم پلانگێرییەکی ناشرین داین، کە لەلایەن کۆمەڵێک ئەقڵ و دەستی شەرانگێزەوە بەڕێوەدەبرێت، گوتیشی: وامان لێمەکەن پەنا بۆ کۆچکردن ببەین، ئێمە لێرە گردبووینەتەوە کە جەنابتان ئەو مەرسومەی کە لەساڵی 2023دا، هەڵتانوەشاندووەتەوە گۆڕانکاری تێدا بکەن و وبیگێڕنەوە، هەروەها هەموو دەسەڵاتەکان و رێز بۆ لویس ساکۆ بگێڕنەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقایعی عێراق لە (3ـی تەمموزی 2023)، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە مەرسوومی ژمارە (31) بڕیاری کشانەوەی مەرسومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بڵاوکردووەتەوە کە تایبەتە بە کاردینال پاتریارک لویس رافایل ساکۆ، لە روونکردنەوەیەکدا لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، کشانەوەی مەرسوومی سەرۆکایەتی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردینال لویس ساکۆ ناگەیەنێت چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرەنسیس و کڵێسای کاسۆلیکییەوە ئەو پلەی پاتریارکی کڵێسای کلدانی عێراق و جیهانی پێبەخشراوە.

هەروەها لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەشکردووە، "کشانەوەی مەرسومەکە، بۆ راستکردنەوەی دۆخی دەستووری هات و مەرسوومی ژمارە (147)ی ساڵی 2013 بەبێ بنەمایەکی دەستووری یان یاسایی بوو، هەروەها بەهۆی داواکردنی مەرسومی هاوشێوەی سەرۆکایەتی لەلایەن سەرۆکی کڵێساکان و پێکهاتەکانی ئایینی دیکەوە، بەبێ بنەمایەکی دەستووری".

سەرتای مانگی ئایاری 2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کاردینال پاتریارک لویس رافایل ساکۆ رایگەیاند، ئەو هاوشێوەی سیستانی کە مەرجعی باڵای شیعەکانە، ئەویش مەرجی کریستیانەکانە و هیچ پەیوەندییەکی بە کاری سیاسییەوە نییە و جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە رەیان کلدانی نوێنەرایەتی کریستیانەکان ناکات و بەوەش تۆمەتباری کرد کە هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی کڵێساکانی پارێزگای نەینەوا دەدات.