نەتەوەیەکگرتووەکان دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی لە سوودان راگەیاند

لۆگۆی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان
لۆگۆی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان

K24 - هەولێر

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، زانیاری بڕواپێکراویان هەیە لەبارەی دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ویلایەتی رۆژئاوای دارفور لە رۆژئاوای سوودان کە تەرمی 87 کەسی تیادایە.

نەتەوەیەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا روونیکردووەتەوە، بەپێی ئەو زانیارییە متمانەپێکراوانەی بە دەست ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان گەیشتوون، خەڵکی ناوچەکە لە نزیک شاری جونەینە سەربە ویلایەتی رۆژئاوای دارفور تووشی زەحمەتی بوونەتەوە لە بەخاکسپاردنی تەرمی ئەو 87 کەسەی ژمارەیەک کەسی خێڵی مەسالیت-یان لەنێودایە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەو 87 کەسە لە 13-21ی حوزەیران لە شاری جونەینە لەلایەن هێزەکانی پشتیوان خێراوە کوژراون.

ئەوەش خراوەتەڕوو، تەرمی 37 کوژراو لە 20ی حوزەیران و تەرمی 50 کوژراوەکەی دیکەیش لە 21ی حوزەیران لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا نێژراون کە قوڵییەکەی نزیکەی یەک مەترە و لەنێویاندا حەوت ژن و حەوت منداڵ هەن.

ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسەری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە هێزەکانی پشتیوانی خێرا و لایەنە شەڕکەرەکان کرد بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بەبێ جیاکاری رێگە بدەن بە دەرهێنانەوەی تەرمەکان و گوتی: "سەرکۆنەی کوشتنی مەدەنییەکان دەکەین. پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی خێرا، بەرفراوان و سەربەخۆ لە رووداوەکە بکرێت و ئەنجامدەرانی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت".

لەلایەن خۆیەوە، نووسینگەی راگەیاندنی هێزەکانی پشتیوانی خێرا رایگەیاند، چەکدارەکانمان لایەنێک نەبوون لە شەڕەکەی دارفور لە جنین، بەڵکو ململانێکان لە نێوان هۆزەکانی مەسالیست و عەرەبەکان بووە، کە ئەو ناکۆکییە کۆنە و نوێبووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەشکردووە، "بەتەواوی رەتی دەکەینەوە کە پەیوەندیمان بە رووداوەکانی دارفورەوە هەبێت، چونکە ئێمە لایەنێک نەبووین لە رووداوەکە، بەڵکو کێشەکە تەواو خێڵەکییە".